کۆشکی سپی: سعوديە بە بەهای 600 مليار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمريکا دەکات

لە گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێوڕەسمێکدا لە رياز ژمارەيەک رێککەوتنی ستراتيجی لەگەڵ شازادەى جێنشینى سعودیە واژۆکرد.
کۆشکی سپی رايگەياند، سعوديە بە بەهای 600 مليار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمريکا دەکات و رێککەوتنەکە لەبوارەکانی، ئاسایشی وزە، پیشەسازیی بەرگری، تەکنەلۆجیا و کانزاکاندایە.
ترەمپ رێککەوتنە هاوبەشە ستراتيجییە ئابوورییەکەى لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشينی سعوديە واژۆکرد.
هەروەها بەرپرسانی هەردوولا رێککەوتنێکی هاوکاریی بەرگرییان لەبارەی مۆدێرنکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی سعودیە واژۆکرد، هاوکات رێککەوتنێک لەنێوان ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی سعودیە و ناسا واژۆکرا، رێککەوتنێکى دیکەش بۆ هاوکاری لە بواری وزەدایە.
رێککەوتنەکانی دیکە پێکدێن لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە سەرچاوە کانزاییەکان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی داد و هەروەها هاوکاری لەبواری نەخۆشییە درمیەکان.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان سعودیە و ئەمریکا لە ساڵی 2024دا گەیشتە 32 ملیار دۆلار، سعودیە بە بەهای 13 ملیار دۆلار کاڵا و بەرهەمی بۆ ئەمریکا هەناردەکردووە، بە بەهای 19 ملیار دۆلار کاڵاشی لە واشنتنەوە هاوردەکردووە.
دۆناڵد ترەمپ گەشتێکی چوار رۆژەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە، يەکەم وێستگەی گەشتەکەی ئەمڕۆ لە سعوديەوە دەستيپێکرد و بڕيارە دوو رۆژ بمێنێتەوە، 15ـى مانگیش دەچێتە قەتەڕ و دواتر دەچێتە ئيمارات.
13/05/2025