ترەمپ: سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرین

بڕیارە دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە ریازی پایتەختی سعودیە لە دیدارێکیی کورتدا چاویان بەیەکدی بکەوێت، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، بڕیاردەدات بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرفەتێکی نوێ بەو وڵاتە دەدات.

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ رازیبووە رۆژی چوارشەممە لەکاتی مانەوەی لە ریازی پایتەختی سعودیە، چاوی بە سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا بکەوێت.

هاوکات ترەمپ لە گوتارێکدا لە سعودیە رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، بڕیاریداوە بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرفەتێکی نوێ بەو وڵاتە دەدات.

ترەمپ جەختیلەوەکردەوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا، لە داهاتوودا لەگەڵ وەزیرى دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا، دوای کەوتنی ئەسەد و وەرگرتنی دەسەڵات، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا کۆتایی بە سزا سەپێندراوەکانی سەر وڵاتەکەی بهێنێت.

پێشتر چەند جارێکی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاندبوو، پێویستە سووریا رێکارى زیاتر بگرێتەبەر لەپێناو کۆتاییهاتنی سزاکان و یەکێک لە مەرجەکانی ئەو وڵاتەش، گرەنتیکردنی مافی کەمینەکانە.