ئەمریکا رەزامەندیدا بە فرۆشتنی هێلیکۆپتەری سەربازیی بە ئیمارات

هەلیکۆپتەری جۆری چینۆکی ئەمریکی
هەلیکۆپتەری جۆری چینۆکی ئەمریکی

ئەمریکا رەزامەندی دا بە فرۆشتنی شەش هێلیکۆپتەر لە جۆری چینۆک و کۆمەڵێک کەرەستەی دیکەی سەربازیی بە ئیمارات، لە گرێبەستێکدا کە بەهاکەی بە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (13ی ئایاری 2025) لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم رێککەوتنە ئاشکراکرا، ئاژانسی هاریکاریی ئەمنی بەرگریی ئەمریکی دەڵێت، رێککەوتنەکە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەبوژێنێتەوە.

ئەو ئاژانسە ئەمریکییە ئاشکراشیکرد، ئیمارات هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەسەر گرێبەستەکە رەزامەندی خۆی دەربڕی و ئاژانسی هاریکاریی ئەمنی کۆنگرێسیشی ئاگادارکردەوە 30 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی گرێبەستەکە.

بەگوێرەی گرێبەستەکەش، جگە لە هێلیکۆپتەری جۆری چینۆک، رەزامەندیی لەسەر پرۆگرامێک بە بڕی 130 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دراوە، بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەکانی جۆری ئێف-16.

کەمێک بەر لە ئێستا دۆناڵد ترەمپ وەک یەکەم سەردانی دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، گەشتە وڵاتی سعودیە و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێکرا، بڕیارە هەر لە سەردانەکەی ئەمجارەی بچێتە وڵاتانى قەتەڕ و ئیمارات.