باکرهان: بڕیارەکانی پەکەکە چارەنووسی تورکیا دەگۆڕن

بە ئامادەبوونی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم و ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری کورد، کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دەم لە پەرلەمانی تورکیا کرا و لە سەرەتاشدا یادی زمانی کوردی و سڕی سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی کرایەوە، کە سێی ئایار لە نەخۆشخانە کۆچى دوایى کرد.
هاوسەرۆکی پارتی دەم لە وتارێکیدا رایگەیاند، کۆنگرەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان چارەنووسی تورکیا دەگۆڕێت و دەرفەتێکی گرنگە بۆ هێنانەئارای ئاشتی و چارەسەری دیموکراسییانە.
گوتیشی "ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێش جەژنی قوربان هەندێک هەنگاو بۆ زیادکردنی متمانەی هاوڵاتییان بنێت، جەژنی قوربان دەبێتە دوو جەژن".
باکرهان، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە لە 27ـی شوبات بڵاوکرایەوە و کۆنگرەکەی پەکەکە گوتی "ئەو گۆڕانکارییانەی بە رێبەرایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان هاتوونەتەئارا، یەکێکە لە گەورەترین رووداوەکانی مێژووی کورد و تورکیا".
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیەی هەیە، پێویستە پەرلەمان و سەرجەم لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن و پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن.
هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی "شوێنی چارەسەر پەرلەمانی تورکیایە و دواخستنی ئەو دەرفەت و ئاشتییەشی دروستبووە، حەرامە".
باکرهان، لەبارەی جەژنی زمانی کوردیش گوتی "خوێندن بە زمانی دایک داخوازیی نییە، بەڵکو مافە و هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت".
هاوسەرۆکی پارتی دەم دەشڵێت رۆژانی ئازار و ستەم بۆ کورد هێندەی ساڵێک درێژ بوون و بۆ ئەوەش هۆنراوەیەکی پیرەمێردی بە نموونە هێنایەوە کە دەڵێت، ئەڵێن ساڵ دوانزە مانگە، من مانگم دی چواردە ساڵە.
13/05/2025