کۆمپانیایەک سیستمێکی هاوشێوەی GPS بۆ سەر مانگ دروستدەکات

تاقیکردنەوەی رۆڤەری LUPIN لە ئیسپانیا. وێنە:GMV
تاقیکردنەوەی رۆڤەری LUPIN لە ئیسپانیا. وێنە:GMV

کۆمپانیایەکی ئیسپانی پەردەی لەسەر سیستمێکی هاوشێوەی GPS بۆ سەر مانگ لادا، تاوەکو هاوکاری گەشتەکانی داهاتووی سەر مانگ بکات، رێگاکانیان بە ئاسانی بدۆزنەوە.

پرۆژەکە ناوی LUPINـە، لەلایەن کۆمپانیای GMVـەوە جێبەجێکراوە، بەشێکە لە بەرنامەیەکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا بۆ تاقیکردنەوەی تەکنیکێکی نوێی دیاریکردنی شوێن، لەکاتێکدا ئارەزووی گەڕان و لێکۆڵینەوە لەسەر مانگ رووی لە زیادبوونە.

ستیڤن کای، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە :"بەم سۆفتوێرە، ئەوروپا لە جێگیرکردنی مرۆڤ لەسەر مانگ نزیک دەکەینەوە و ئەگەری هەیە ئەمە ببێتە بناغەیەک بۆ گەڕان لەسەر مەریخ یان بوونی مرۆڤ لەسەر مەریخ".

بە بەکارهێنانی سیگناڵی هاوشێوەی GPS لە مانگە دەستکردەکانی دەوری مانگ، LUPIN رێگە بە کەشتییە ئاسمانییەکان دەدات شوێنی خۆیان لەسەر مانگ بەشێوەیەکی راستەوخۆ و لەکاتی راستەقینەدا دیاری بکەن.

ئێستا کەشتییە ئاسمانییەکان دەبێت پشت بە ژمێریاری ئاڵۆز و ئەو داتایانە ببەستن کە لە زەوییەوە بۆیان دەنێردرێت، ئەو داتایانەش نە زوو دەگەن و نە وردیشن.

ماریێلا گرازیانۆ، بەرپرسی ستراتیجی کۆمپانیای GMV دەڵێت: "دەمانەوێت رۆبۆتەکانی سەر مانگ بە شێوەیەکی خێرا و سەلامەت نەخشەی رووی مانگ بکێشن، تاوەکو کەشتیوانەکان بتوانن دوای چەند ساڵێک بگەڕێنەوە و لەوێ کاربکەن و بنکەی هەمیشەیی دابنێن".

ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە لە یەکێک لە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا، لە خاکێکدا کە لە خاکی مانگ دەچێت بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە.