یاماڵ پێویستی بە قسەکردن نییە و بێدەنگ نەبێت سەری دەخوات

ئەحمەد سەنگاوی


تایبەتمەندییەک لە کەسایەتیی یاماڵ دەبینم لە مێسیدا نایبینم، مێسی لە یارییە گەورەکان، نە پێش و نە پاش یارییەکان، تەعلیقی لە رکابەرەکانی نەدەدا، گاڵتەی پێنەدەکردن، تەنانەت هەڕەشەشی لێنەدەکردن، بەڵام ئەمساڵ زیاد لە جارێک یاماڵ پێش و پاش یارییە گەورەکان، پەیامی جۆراوجۆری دەنارد، بۆ رکابەرەکانی، ئەمەش بۆ داهاتووی زیانی هەیە. وای لێدەکات، پێش ئەوەی یاریکەر بێت، دەبێتە ئەستێرەیەکی قسەکەر.

دەکرێت ئەمە وای لێبێت، پێش هەر یارییەکی گەورە، میدیا دنەی یاماڵ بدات، بوروژرێت و قسە بکات، ئێ ئاستەمە هەموو جارێک ئەو هەڕەشەی پێش یاریی دەیکەیت، لە یاریگە رەنگبداتەوە، ئەمە روودەدات کە تەحەدای پێش یاریی وا لە یاماڵ بکات لەدوای شکست، میدیا و سۆشیال میدیا بیخەنە دۆخێکی دەروونیی وێرانکەرەوە.

وابزانم مێژوو پڕە لەو ئەستێرانەی لەژێر پەستانی میدیاییدا ژیانی وەرزشیتان شێوا. هەر ئەو قسەکردن و پەیام ناردنە وای لێدەکات، هۆگری سۆشیال میدیا بێت و بەدوای کاریگەری قسەکانیدا بگەڕێت، بۆیە یاماڵ کاتێک جوانە، پێیە سیحراوییەکانی قسە بکات، چونکە ئەو قسەکردنە دژبەری بۆ زیاد دەکات، وای لێدەکات دژبەرەکانی بەچاوی رێزەوە تەماشای نەکەن.