ترەمپ بۆ تیم کوک: لە هیندستان ئایفۆن دروست مەکە

ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵی گوتووە نایەوێت کۆمپانیاکە بەرهەمەکانی لە هیندستان دروست بکات، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بڕیاریدا دروستکردنی بەرهەمەکانی لە چین بەرەو هیندستان بگوازێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ قەتەر رایگەیاند:"دوێنێ کەمێک کێشەم لەگەڵ تیم کوک هەبوو".
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی بە تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵی راگەیاندووە :"بیستوومە لە هەموو هیندستان ناوەندی بەرهەمهێنان دروستدەکەیت، من نامەوێت تۆ لە هیندستان ناوەندی بەرهەمهێنان دروستبکەیت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، داوای لە تیم کوک کردووە لەجیاتی هیندستان لە ئەمریکا ناوەندی بەرهەمهێنان دروستبکات.
کۆمپانیای ئەپڵ بەرهەمهێنانی لە هیندستان زیادکردووە، ئامانجییەتی لە چەند ساڵی داهاتوودا نزیکەی 25%ـی ئایفۆنەکانی لەم وڵاتە بەرهەمبهێنێت، لەکاتێکدا کۆمپانیاکە چاوی لەوەیە پشتبەستن بە چین کەمبکاتەوە کە ئێستا نزیکەی 90%ـی ئایفۆنەکانی لەم وڵاتە بەرهەمدەهێنێت.
شارەزایان بەگشتی هاوڕان لەسەر ئەوەی گواستنەوەی بەرهەمهێنانی ئایفۆن بۆ ئەمریکا، بەهۆی تێچووی بەرهەمهێنانی ئایفۆن لەو وڵاتە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە روونادات.
بەگوێرەی خەمڵاندنە جیاوازەکان، تێچووی ئایفۆنێک ئەگەر لە ئەمریکا دروستکرابێت، لە نێوان هەزار و 500 بۆ سێ هەزار و 500 دۆلاردایە.
15/05/2025