ئیمارات لە ئەمریکا وەبەرهێنان لە ئەلەمنیۆمدا دەکات

ئیمارات بە نیازە لە ئەمریکا بە بڕی چوار ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەلەمنیۆمدا بکات، کە دەبێتە هۆی دابینکردنی 85%ـی پێداویستی وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیماراتی "وام"، کۆمپانیای گڵۆباڵ ئیمارات، کە بەگەورەترین بەرهەمهێنەری ئەلەمنیۆمی "پریمیۆم" لە جیهاندا دادەنرێت، بەنیازە تاوەکو کۆتایی 2026 کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم لە ویلایەتی ئۆکلاهۆماى ئەمریکا دابمەزرێنێت، کە بڕی چوار ملیار دۆلار بۆ تێچووی پرۆژەکە تەرخانکراوە و پێشبینی دەکرێت توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی کارگەکە بگاتە 600 هەزار تۆن، بەمەش 85%ـی کۆی پێداویستییە پیشەسازییەکانی ئەمریکا پڕ دەکاتەوە، هەر لە کەرتی فڕۆکەوانییەوە تاوەکو ئۆتۆمبێل.
هاوکات پرۆژەکە دەبێتە هۆی رەخساندنی چوار هەزار هەلیکار، ئەمەش ئەو کارەیە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلانەکانی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا نەخشەی بۆ کێشاوە.
پرۆژەکە بەرهەمى سەردانەکەى ترەمپە بۆ وڵاتانى کەنداو، بەجۆرێک ئیمارات لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە بەهای یەک تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکادا دەکات، لەپێناو فراوانکردن و هاوسەنگی بازرگانی لەگەڵ واشنتن.
17/05/2025