شاومی ئۆتۆمبێلی YU7ـی رکابەری تێسلا دەخاتە بازاڕەوە
شێوە عومەر 19/05/2025

رۆژی پێنجشەممە، کۆمپانیای شاومی ئۆتۆمبێلی وەرزشی کارەبایی YU7 لەگەڵ چەند بەرهەمێکی دیکە دەخاتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، لی جون، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شاومی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ویبۆ رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی YU7، لە چالاکییەکەدا شانبەشانی چیپی مۆبایلی Xring O1 و مۆبایلی زیرەکی نوێی شاومی 15S Pro، دەخرێتە بازاڕەوە.
شیکەرەوەکانی بوارەکە، ئۆتۆمبێلی YU7 بە رکابەری مۆدێلی Y کۆمپانیای تێسلا ناوبردووە کە لە چین زۆرترین فرۆشی هەیە.
ساڵی رابردوو، شاومی بە خستنەبازاڕی ئۆتۆمبێلی جۆری SU7 سیدان، هاتە ناو مەیدانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، فرۆشی SU7 بەراورد بە مۆدێلی 3ـی تێسلا زیاتربووە.
شێوە عومەر
19/05/2025