ترەمپ: دەستبەجێ دانوستانی رووسیا و ئۆکرانیا دەستپێدەکات

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ دەستپێدەکات و پێشنیازیش کراوە دانوستانەکان لەڤاتیکان بەڕێوەبچن.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال نووسیویەتی، "دوای ئەوە پەیوەندییە دوو کاتژمێرییەکەی لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن ئەنجامیداوە، رووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە ئاگربەست و لەوەش گرنگتر کۆتاییهاتنی جەنگ".
راشیگەیاندووە، دانوستان لەسەر مەرجەکانی هەردوولا دەکرێت، چونکە ئەوان وردەکاریی دانوستانەکان لەهەموو لایەک باشتر دەزانن".
ترەمپ راشیگەیاندووە، فولۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و هەروەها سەرکردەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپای لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتن ئاگادارکردووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی، "ڤاتیکان پێشنیازیی ئەوەی کردووە دانوستانەکان لای ئەوان بەڕێوەبچین، بۆیە با پرۆسەکە دەستپێبکەین.
رۆژی 19ی ئەم مانگە، هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان سەبارەت بە کۆتایهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا ئەنجامدا و دواتریش پوتن رایگەیاند، پەیوەندییەکە روون و ڕاشکاو و بە سودبووە.
19/05/2025