یەکەم کاروانى کۆچبەرانى نایاسایى خۆبەخشانە ئەمریکا بەجێدەهێڵن

بەشێک لە کۆچبەرانی نایاسایی خۆبەخشانە ئەمریکا بەجێدەهێڵن
بەشێک لە کۆچبەرانی نایاسایی خۆبەخشانە ئەمریکا بەجێدەهێڵن

یەکەم کاروانى کۆچبەرانى نایاسایى رەزامەندییان دەربڕی خۆبەخشانە ئەمریکا بەجبهێڵن، هۆشدارییش لە دیپۆرتکردنەوەى سەرجەم ئەو کۆچبەرانە دەدرێت، بە نایاسایى لە ئەمریکا نیشتەجێن.

وەزارەتى ئاسایشى ناوخۆى ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆچبەرەکان ژمارەیان 64 کەسە و لە ویلایەتی تەکساسی باشووری ئەمریکاوە بەرە و هیندۆراس و کۆڵۆمبیا بەڕێکەوتوون.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هەر کۆچبەرێک بڕى هەزار دۆلارى وەرگرتووە، لەگەڵ بژاردەی گەڕانەوەی یاسایی بۆ ئەمریکا لە داهاتوودا.

وەزارەتى ئاسایشى ناوخۆى ئەمریکا داوا لە کۆچبەرە نایاساییەکان دەکات، سوود لە پرۆژەی گەڕاندنەوە بۆ وڵاتەکەیان وەرگرن و بەپێچەوانەوە دەستگیردەکرێن و دیپۆرت دەکرێنەوە و رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە ئەمریکا.

دۆناڵد ترەمپ، لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنیدا ملیۆنان کۆچبەری نایاسایى دیپۆرت بکاتەوە و لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، چەندین رێکارى بۆ دیپۆرتکردنەوەیان گرتووەتەبەر.

بەگوێرەی سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی 2021ـەوە، کە بایدن سەرۆکایەتی وڵاتەکەى کردووە، نزیکەی 21 ملیۆن "کۆچبەری نایاسایی" چوونەتە ئەمریکا.

ترەمپ، بەڵێنیدا ئەگەر ببێتەوە بەسەرۆک، گەورەترین پرۆسەی راگواستنی کۆچبەران لە مێژووی وڵاتەکەیدا بەڕێوەدەبات.