یەکێتیی ئەوروپا سەرجەم سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت

وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندییان دەربڕی بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا، ئەمەشیان وەکو هەوڵێک بۆ پشتیوانی لە بووژاندنەوەی وڵاتەکە، پاش ململانێى وێرانکەر ناوبرد.
ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە زاری سەرچاوە دیپلۆماتییەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە رایانگەیاند، نوێنەرانی هەر 27 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەى هەڵگرتنی سزاکان و ئەمڕۆ بەفەرمی لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکەوە بڕیارەکە رادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا، سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا و پرسەکانی سووریا و غەززە کۆبوونەوە، لە میانی ئەو کۆبوونەوەدا بڕیاردرا لە سەر سەپاندنی 17یەمین پاکێجی سزاکان بەسەر رووسیادا.
بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هیوایخواست وەزیرانی دەرەوە لە برۆکسل لەسەر هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا رێککەون.
20/05/2025