پاکستان و هيندستان رێککەوتن تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هێزەکانيان بکشێننەوە

کشانەوەکە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت
کشانەوەکە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت

پاکستان و هيندستان رێککەوتوون تاوەکو کۆتایی مانگی ئايار، ئەو هێز و کەرەستە سەربازييانەی لە کاتی ئاڵۆزييەکانی نێوانياندا بردبوويانە بەرەکانی پێشەوە بۆ ئەو پێگانە بکشێننەوە کە پێش گرژییەکان لێی بوون.

کێشەکەی هيندستان و پاکستان لەوەوە دەستيپێکرد کە مانگی رابردوو گرووپێکی چەکدار لە بەشە هيندييەکەی هەرێمی کشمير هێرشيان کردە سەر ژمارەیەک گەشتيار و بەهۆيەوە 26 کەس کوژران.

 نيودەلهی، ئيسلامئاباد بە پاڵپشتیی ئەو گرووپە تۆمەتبار کرد و پاکستانیش نکۆڵی لەو تۆمەتە دەکرد، بەهۆيەوە لە 7ـی ئاياردا هيندستان هێرشیکردە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان و پێکدادان کەوتە نێوانيان، لە ماوەی چوار رۆژی شەڕدا زياتر لە 70 کەس کوژران.

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی پاکستان رايگەياندووە، "تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار سەربازەکان دەکشێنەوە بۆ شوێنەکانی پێش شەڕ و پێکدادانەکان".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەو سەربازە زیادە و چەکانە، کە لەسەر هێڵی سنووری هيندستان و پاکستان لە هەرێمی کشمير جێگیرکراون.

ئەمەش پاش ئەوە دێت کە سوپای هیندستان هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە بۆ دڵنیابوون لە کەمکردنەوەی هێزەکان لە سنوورەکان و بەرەکانی پێشەوە.

ئەو بەرپرسە پاکستانییە، گوتيشی، "سەرەتا هەموو ئەم هەنگاوانە پلانی بۆ دانرابوو، کە لە ماوەی 10 رۆژدا تەواو بکرێن، بەڵام بەهۆی چەند کێشەيەکی بچووکەوە دواکەوتووە".

لە ساڵی 1947ـەوە چەندين شەڕ و ناکۆکی کەوتووەتە نێوان هيندستان و پاکستان لەسەر هەرێمی کشمير ئەوەش پاش کۆتايیهاتنی دەسەڵاتی بەريتانيا لە ناوچەکە، لە ساڵی 1949ـەوە کشمير لەنێوانياندا دابەشبووە، کە زۆرينەی دانيشتووانەکەی موسڵمانە.