يەکێتیی ئەوروپا و بەريتانيا سزای نوێيان بەسەر رووسيادا سەپاند

سزاکان بەسەر ئەو کەرتانەدا سەپێندراون کە هاوکاری بۆ شەڕ دابيندەکەن
سزاکان بەسەر ئەو کەرتانەدا سەپێندراون کە هاوکاری بۆ شەڕ دابيندەکەن

ئەوەی لە ئەنجامی پەيوەندييە تەلەفۆنييەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمريکا و ڤيلاديمير پوتن، سەرۆکی رووسيا بڵاوکرايەوە، تەنيا گفتوگۆيەکی گەرموگوڕ بوو، بەبێئەوەی هيچ گۆڕانکارييەک لە مەيدانی شەڕدا بهێنێتە ئاراوە.

ئەوەی گەرموگوڕتر بوون لە گفتوگۆکان، کاردانەوەکان بوون. وڵاتانی ئەوروپا، کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکانی ترەمپ بوون لەگەڵ پوتن، بێهيوابوون و لە هەنگاوێکدا بۆ فشار خستنەسەر رووسيا، سزای نوێيان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

يەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا بە سەپاندنی 17یەمین پاکێجی سزاکان بەسەر رووسیادا، کە زۆرينەی سزاکان کەرتی وزە دەگرنەوە.

دوابەدوای يەکێتیی ئەوروپا، بەريتانياش 100 سزای سەپاند بەسەر مۆسکۆدا کە بەگشتی ئەو کەرتانە دەگرێتەوە رووسيا بۆ پڕچەککردن و پارەدارکردنی شەڕ سووديان لێ وەردەگرێت.

کايا کاڵاس، بەرپرسی سياسەتی دەرەوەی يەکێتیی ئەوروپا گوتی، "لە ئەمريکاوە گوێمان لەوە بووە، ئەگەر رووسيا رازی نەبێت بە ئاگربەستی بێ مەرج وەک ئۆکرانیا زیاتر لە 60 رۆژ لەمەوبەر پێی رازی بووە، کاردانەوەی توندمان دەبێت، بێگومان لە لایەنی ئەوروپیشەوە گوتەی هەر 27 وڵاتەکە ئەوەيە فشاری زياتر دەکەين و بەردەواميش دەبين لەسەر ئەو فشارانە".

مارکۆ روبيۆ، وەزيری دەرەوەی ئەمريکا لەبارەی پەيوەندييە تەلەفۆنييەکەی ترەمپ و پوتنەوە دەڵێت، "ترەمپ هيچ دەستکەوتێکی پێشکەش بە پوتن نەکردووە".

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوەی سەرۆک هەوڵی بۆ دەدات، کۆتايیهێنانە بەشەڕ، ئەو هەوڵدەدات کۆتایی بهێنێت بە شەڕێکی خوێناوی و تێچووی زۆر، کە هيچ لايەک ناتوانن بيبەنەوە و هەموو رۆژێک بەهۆيەوە خەڵک دەمرێت، بەڵام لەبارەی ئەوەی پوتن چی بەدەستهێناوە ئەو هيچی بەدەستنەهێناوە و هيچ سزايەکی لەسەر هەڵنەگيراوە".

لە کاردانەوەی سزاکانی سەر رووسياشدا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام نووسیویەتی "سزاکان گرنگن و سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە دەيسەپێنن بەسەر ئەنجامدەرانی شەڕەکەدا.

رۆژی هەینی رووسیا و ئۆکرانیا یەکەم گفتوگۆی راستەوخۆیان لە پاش زیاتر لە سێ ساڵ لە جەنگ ئەنجامدا و نەگەيشتنە ئاگربەست، بەڵکو تەنيا لەسەر ئاڵوگۆڕی ديلەکانيان رێککەوتن.

ئۆکرانیا دەڵێت، ئامادەیە بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ کە لەلایەن ترەمپەوە پێشنیاز کراوە، رووسیاش دەڵێت، سەرەتا دەیەوێت گفتوگۆ بکرێت لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست.

ئەوروپییەکانيش دەڵێن ئەمە بەڵگەیە لەسەرئەوەی پوتن ئامادە نییە کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە لە ساڵی 2022ەوە دەستيپێکردووە.

هەر لەسەر هەمان پرس رۆژی دووشەممە، ترەمپ و پوتن پەيوەندييەکی تەلەفۆنييان ئەنجامدا کە زياتر لە دوو کاتژمێری خاياند و هەردوولا رايانگەياند، لەبارەی شەڕی ئۆکرانيا و ئاگربەستەوە گفتوگۆيان کردووە و هيچ بەرەوپێشچوونێکيان نەخستووەتەڕوو.