شاندى هەرێمى کوردستان لە واشنتن زنجیرەیەک دیدارى هەبووە

شاندى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتیى مەسرور بارزانی، لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن و واژۆکردنی دوو گرێبەستی بواری وزە، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنگرێسمان و سیناتۆرانی ئەمریکا کردووە و گفتوگۆ لەبارەی بایەخی کەرتی وزە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکە لەگەڵ بڕایان ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەتەوە و تێیدا بڕایان باسی لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردووە و "هەموو پشتیوانییەکی بۆ هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا" دووپاتکردووەتەوە.
هەر لە سەردانەکەیدا مەسرور بارزانى و شاندەکە، لەگەڵ ئادەم سمیس، کۆنگرێسمانی ئەمریکا کۆبوونەتەوە و سەرەڕای تاوتوێکردنی گرنگی دوو گرێبەستە نوێیەکە، ئادەم سمیس باسی لە گرنگیی و پێویستیی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لە زووترین کاتدا.
هاوکات لە کۆبوونەوەدا لەگەڵ هەردوو سیناتۆری ئەمریکی ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران، دوو سیناتۆرەکە ئاماژەیان بەوە داوە، رێککەوتنە نوێیەکانی بواری وزە دەبنە هۆی پەرەپێدانی ئابووری نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراق.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا شاندەکە لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام حەمادە کۆبووەتەوە و حەمادە گوتوویەتی، "گرێبەستەکە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە". باسی لەوەشکردووە لە خێزانەکەیدا رەگێکی کورد هەیە، بەوەی نەنکی "دایکی باوکی" بە رەگەز کوردە.
لەکۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ کۆنگرێسمان ماریۆ دیاز بالارت، باس لە دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگیی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان کراوە و بالارت پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە.
21/05/2025