چین دژایەتیی خۆی بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "گومەزی زێڕین"ی ئەمریکا دەربڕی

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی ئایار)، حکومەتی چین دژایەتیی خۆی بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی گومەزی زێڕین دەربڕی، کە دوێنێ سێشەممە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانەکەی راگەیەنرا.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رەخنەی توندی لە پرۆژەکەی ئیدارەی ترەمپ گرت و رایگەیاند، "ئەمریکا یەکەم شت بەرژەوەندیی خۆی پێشدەخات، ئینجا زیاتر لە پێویست، گرنگی بە پاراستنی ئاسایشی خۆی دەدات، ئەوەش پێشێلکردنی ئەو بنەمایە، کە دەڵێت نابێت هیچ وڵاتێک لەسەر حسابی وڵاتێکی دیکە گرنگی بە ئاسایشی خۆی بدات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتیشی، "ئەم سیستمە بەرگرییەی ئەمریکا رایگەیاندووە سەقامگیریی و باڵانسی ستراتیجی جیهانی تێکدەدات. چین بەتوندی لەوە نیگەرانە، داوا لە واشنتن دەکەین هەرچی زووە دەست هەڵگرێت لە پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی گومەزی زێڕین، لەبری ئەوە گرنگی بە پەرەپێدانی متمانەی دوولایەنە لەنێوان جەمسەرە گرنگەکانی جیهاندا بدات بۆ زامنکردنی ئاسایشی جیهانی."
ترەمپ: گومەزی زێڕین تاوەکو کۆتایی ئەم خولەی سەرۆکایەتیم تەواودەبێت
دوێنێ سێشەممە (20ی ئایار)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە پلانی جێبەجێکردنی سیستمی بەرگریی پێشکەوتووی "گومەزی زێڕینی" راگەیاند و ئاشکرایکرد، تاوەکو کۆتایی ئەم خولەی سەرۆکایەتییەکەی، پرۆژەکە تەواو دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەک بەڵێنی بە ئەمریکییەکان دابوو، سیستمی بەرگریی گومەزی زێڕین نەخشەسازییەکەی تەواو بووە و پرۆژەکە وەک پێشکەوتووترین سیستمی بەرگری بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەمریکا جێبەجێدەکرێت.
میشێل گێتلاین، لە هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا و پیت هێگسیت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەشداریی مەراسیمی ناساندنی پرۆژەکە بوون.
تایبەتمەندییەکان و تێچوو و تواناکانی سیستمی گومەزی زێڕین
پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، سەرپەرشتیدەکرێت و کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، پالانتیر و ئاندوریل بەشداریی دروستکردنی بەشە جیاوازەکانی سیستمەکە دەکەن.
سیستمەکە لەسەر بیرۆکەی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل دروستکراوە، بەڵام گومەزی زیڕین زۆر پێشکەوتووترە، ژمارەیەکی زۆر لە مانگی دەستکرد بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی ئەمریکا بڵاوە پێدەکات لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مانگی دەستکردی هێرشبەر بۆ خستنەخوارەوەی موشەکە ئاڕاستەکراوەکان.
کۆمارییەکان، بۆ دەستپێکی سەرەتای پرۆژەکە پێشنیازی 25 ملیار دۆلاریان کردووە کە لە پاکێجی 150 ملیار دۆلاری خەرجییەکانی دیکەی وەزارەتی بەرگریی تەرخاندەکرێت.
کۆی پرۆژەکەش لە پاش تەواوبوونی، وەک سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، تێچووەکەی 175 ملیار دۆلار دەبێت.
ئەم سیستمە کە نیگەرانی چینی لێکەوتووەتەوە، لە پشتی بەرگەهەواى زەوییەوە چاودێریی دەکات و پێش هەڵدانی موشەکی ئاڕاستەکراو موشەکەکە دەستنیشان دەکات و لەقۆناغی هەڵدانیشدا دەیخاتە خوارەوە.
بەگوتەی ترەمپ، توانای دەستنیشانکردن و خستنەخوارەوەی موشەکی کروس، بالیستیکی، هایپەرسۆنیک و درێژمەودا و موشەکی ئەتۆمیی هەیە.
سیستمی گومەزی زێڕین سەدان مانگی دەستکرد چاودێریی دەکەن و سەدان مانگی دەستکردی هێرشبەری هەیە.
21/05/2025