لە ژاپۆن برنجى بێ بەرامبەر وەزیرێکى ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد

تاکو ئیتۆ وەزیری کشتوکاڵی ژاپۆن، کە بەهۆی برنجی بێبەرامەرەوە ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا
تاکو ئیتۆ وەزیری کشتوکاڵی ژاپۆن، کە بەهۆی برنجی بێبەرامەرەوە ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا

"هەرگیز برنج ناکڕم چونکە بەبێ بەرامبەر پێم دەگات" ئەم لێدوانە وایکرد شەپۆلێکی ناڕەزایی لە ژاپۆن سەرهەڵبدات، لە کۆتاییدا وەزیری کشتوکاڵى ژاپۆن ناچار بوو دەستلەکاربکێشێتەوە.

لێدوانەکەى تاکو ئیتۆى وەزیری کشتوکاڵ لە بۆنەیەکی کۆکردنەوەی هاریکاریی بوو، ئەو باسی لەوەکرد هەرگیز برنجی نەکڕیوە بەهۆی ئەو هەموو برنجەی بەشێوەی بەخشین پێیدەگات، بڕەکەشی بە جۆرێک زۆرە، کە دەتوانێت جارێکی دیکە برنجەکە بفرۆشێتەوە.

لێدوانەکە لەکاتێکدا بوو ژاپۆنییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە گشتی و برنج بە تایبەتی دەناڵێنن، بەجۆرێک لەماوەی ساڵێکدا نرخی ئەم دانەوێڵەیە بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

لە پاش فشارەکە تاکو ئیتۆ وەزیری کشتوکاڵ دەستی لەکارکێشایەوە و داوای لێبووردنیشی کرد و گوتی "جارێکی دیکە داوای لێبووردن دەکەم لەسەر لێدوانەکەم، لێدوانەکە گونجاو نەبوو وەک وەزیر بەو شێوەیە بڵاوبێتەوە لەکاتێکدا ژاپۆنییەکان بەهۆی نرخی بەرزەوە دەناڵێنن".

دەستلەکارکێشانەوە و لێدوانی وەزیری کشتوکاڵی ژاپۆن، بارودۆخی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی خراپتر کرد، کە لە رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک شكستی هێناوە.

خراپبوونی بارودۆخی ژیانیش بە گشتی وایکرد، کە دەنگدەران تەنیا دوو مانگ بەر لە هەڵبژاردن هەڵوێست بەرامبەر سەرۆکوەزیران وەربگرن.

نۆریکاتسو ئاکاگامی هاوڵاتییەکی ژاپۆنە و دەڵێت، "بۆچوونم وایە لێدوانەکەی وەزیر جێگەی قبوڵ نەبوو، نەک تەنیا لەبەرئەوەی ئەو وەزیری کشتوکاڵە، بەڵکو وەک مرۆڤێکیش، کاتێک دەچنە پۆستە بەرزەکان خەڵکیان بیردەچێتەوە، سەرەڕای سەرکردایەتییەکەی ئەو نەیتوانی گرنگی پۆستەکەی بزانێت، بۆچوونم وایە کە شایەنی ئەوەبوو دەستلەکاربکێشێتەوە".

کەمبوونەوەی بڕى برنج لە ژاپۆن بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک کەمیی چەڵتوک بەهۆی گۆڕانى کەشوهەواوە لەگەڵ زۆریی کڕینی برنج لەلایەن هاوڵاتییانەوە پاش ئەوەى دەنگۆى کەمبوونەوەى برنج بڵاوبوەوە.