لە لوتکەی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک دا نەورۆز کرا بە جەژنی هاوبەشی جیهانی تورک

لوتکەی نافەرمیی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا
لوتکەی نافەرمیی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا

لوتکەی نافەرمیی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک ئەنجامدرا و لە لوتکەکەشدا نەورۆز وەک جەژنی هاوبەشی وڵاتانی رێکخراوەکە دیاریکرا.

لوتکەکە لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەچوو، کە هەنگاریا وەک وڵاتی چاودێریی رێکخراوەکە بەشداربوو. سەرۆککۆمارەکانی تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، کرغیزستان و ئۆزبەکستان بەشداربوون و وتاریان پێشکەشکرد.

لە لوتکەکەدا جەخت لە رۆڵ و پێگەی جوگرافیی دەوڵەتانی تورک وەک ئەڵقەی پێکەوەبەستنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کرایەوە.

بەشداربووانی لوتکەکە باسیان لە گرنگیی هەماهەنگییەکانی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە کرد، سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان.

لە کۆتایی لوتکەکەدا چەند بڕیارێک پەسەندکران، لەوانەش ناساندنی نەورۆز وەک جەژنی هاوبەشی "جیهانیی تورک".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارەکەیدا باسی لە رەوشی سووریا کرد و گوتی، "سەقامگیریی سووریا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی تەواویی ناوچەکە دەبێت".

سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کرد و گوتی، "لە هەوڵەکانیان بەردەوامدەبن بۆ گەیشتنە بریاری ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتییەکی یەکجارەکی".

ئەردۆغان گوتیشی، "یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوەکان کە لە بەرامبەر ئاسایشی وڵاتەکانماندایە بریتییە لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، کە هەموومان بە قوڵیی هەست بە کاریگەرییە جیهانییەکانی جەنگەکە دەکەین. رۆژانی رابردوو، هەردوولا لە ساڵی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا، بۆ یەکەمجار لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە. ئێمە لەگەڵ هەردوولا وڵات بەردەوامدەبین لە کارەکانمان بۆ گەیشتنە ئاگربەستی فراوان و ئاشتییەکی دادپەروەرانە. هاوکات وڵاتەکەمان لە هەوڵەکانی بۆ سەقامگیریی سووریا بەردەوامدەبێت. بەکارهێنانی ئەو دەرفەتەی لە سووریا دروستبووە، بۆ ئەو وڵاتە و تەواوی ناوچەکەشمان گرنگە."