رووسیا: سیستمی گومەزی زێڕین پەیوەندیی بە سەروەریی ئەمریکاوە هەیە

حکومەتی رووسیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پلانەکەى دۆناڵد ترەمپ بۆ دروستکردنى سیستمی بەرگریی گومەزی زێڕین دەربڕی و رایگەیاند، ئەو بابەتە پەیوەندیی بە سەروەریی ئەمریکاوە هەیە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا، "کرێملن" رایگەیاند، دەبوو ئەمریکا راوێژی پێبکردنایە، بەڵام پرۆژەکە بەتەواوەتی پەیوەندیی بە سەروەریی ئەمریکاوە هەیە.
پیسکۆڤ راشیگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بۆچوونى وایە لەبەردەم هەڕەشەی موشەکیدایە، ئەوە بەدڵنیاییەوە پەرە بە سیستمی بەرگریی موشەکی خۆی دەدات.
گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە ئەو پلانەی راگەیەنراوە پێویستی بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئەتۆمی لەنێوان مۆسکۆ و واشنتن هەیە".
ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی چین پرۆژەکەی وەک مەترسی بۆ سەقامگیری و باڵانسی ستراتیجی جیهان پێناسە کرد و داوای لە ئەمریکا کرد دەستبەجێ دەست لەپەرەپێدانی ئەو سیستمە بەرگرییە هەڵگرێت، کە لەڕێگای تۆڕێکی فراوانی مانگی دەستکردەوە چاودێریی سیستمە موشەکییەکانی جیهان دەکات.
21/05/2025