وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئۆتۆنۆمی کورد بەشێکە لەو دیدگایەی بۆ عێراق هەمانە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئۆتۆنۆمی کورد بەشێكە لەو دیدگایەی بەرامبەر عێراق هەیانە و دەشڵێت، بەرپرسانی عێراق ویستی خۆیان بۆ پەیوەندییەکی باشتر و نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە.
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بەرپرسانی عێراقیان روونکردووەتەوە بنەمای سەرەکەی پەیوەندییەکانیان رێزگرتنە لە کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەی ئێران لەناو هەندێک لە جومگەکانی عێراق لە زیادبووندایە.
هەروەها دەشڵێت، دەیانەوێت ئێران هیچ بڕە یۆرانیۆمێک لەناوخدا نەپیتێنێت.
سەبارەت بە سووریا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختیکردەوە، سووریا لە لێواری شکستدایە و ئەگەر ئەوە رووبدات شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکە دروستدەبێـت.
هەروەها لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کە ترەمپ لە میانی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو بڕیاری لەسەردا، روبیۆ گوتی، لابردنی سزاکان لەسەر سووریا دەبێتە هۆی ئەوەی هاوبەشەکانمان هاوکاریی دیمەشق بکەن و هەروەها دەسەڵاتی راگوزار بەهێزتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، سووریا دەبێتە جێگەی داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە هەروەها لەو حاڵەتەدا هەژموونی ئێران لە سووریا بەهێزدەبێتەوە.
روبیۆ پێشتریش بەهەمانشێوە هۆشداریدابوو لە رووخانی حکومەتی نوێی سووریا و هەڵگیرسانی شەڕی ناو خۆ لەو وڵاتەدا.
21/05/2025