وادەی خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دیاریکرا

وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، رۆژی هەینی خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی 'ئێکس' رایگەیاند، پێنجەمین خولی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما بەڕێوەدەچێت، هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیدا هیوایخواست بتوانن لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، راشیگەیاند، کە تەنیا بە دەستبەرداربوونی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم رازی دەبن.
سێشەممەی پێشوو عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بێهواییی خۆی لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند و گوتی، "پێناچێت گفتوگۆکان هیچ دەرئەنجامێکیان لێ بکەوێتەوە".
خامنەیی هۆشداریدا دەربارەی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە و گوتی ، "رەتکردنەوەی ئەو مافە هەڵەیەکی گەورە دەبێت".
ئێران و ئەمریکا لە 12ی نیسانەوە چوار خولی گفتوگۆ ئەتۆمییان بەنێوەندگیری عومان ئەنجامداوە، ئەمەش بە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت لە دوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015.
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ئێستادا ئێران یۆرانیۆم تاوەکو پوختیی 60% پلە پیتاندووە، لەکاتێکدا نزیکەی 90%ی پێویستە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
21/05/2025