روبیۆ: چەندین وڵاتی عەرەبی دێنە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانگەیەکیان دامەزراندووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە و لە رێککەوتنی ئیبراهیمیدا بەشداری بکەن، گوتیشی، سعودییە ئامادەیی پیشانداوە ئەو کارە بکات.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی وەڵامی پرسە گرنگەکانی دایەوە و رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا هەواڵی خۆشیان دەبێت و چەندین وڵات ئامادە دەبن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە و بێنە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی "سعودییە ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هەندێک رێگری هەن، لەوانە 7ی ئۆکتۆبەر و جەنگی غەززە، هاوکات ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵیان.
ئێمە "فەرمانگەی ئیبراهیمی"مان دامەزراندووە، کە چالاکانە کاردەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتانەی ئامادەن بێنە ناو رێککەوتنەکەوە، بە دڵنیاییەوە پێش کۆتایی ئەمساڵ هەواڵی خۆشمان دەبێت، سەبارەت بە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش کە ئامادەن بەشدارببن".
21/05/2025