دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن کوژران

دوو پۆلیسی ئەمریکی لە شوێنی کوژرانی دوو کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن، فۆتۆ: AFP
دوو پۆلیسی ئەمریکی لە شوێنی کوژرانی دوو کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن، فۆتۆ: AFP

لە رووداوێکى تەقەکردندا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن کوژران، باڵیۆزی ئیسرائیلیش لە نەتەوەیەکگرتووەکان، رووداوەکە بە تیرۆریستى ناودەبات و دەڵێت، هێرش و تەقەکردنەکە بە "پاڵنەرێکی رەگەزپەرستی دژە جوو" کراوە.

کریستی نۆوێم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، رووداوەکە لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە ناوەندی شاری واشنتن دی سی روویداوە و بەهۆیەوە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژراون.

لاى خۆیەوە، دانی دانۆن باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، تەقەکردنەکە لە دەرەوەی بۆنەیەک لە مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی بووە و بە کردەوەیەکی تیرۆری دژە جوو ناویبرد.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریدا لەوەی زیانگەیاندن بە دیپلۆماتکاران و کۆمەڵگەی جووەکان هێڵی سوورە و دەبێت رێگەی لێبگیرێت.