تەقەکەری سەر کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن دەستگيرکرا

ئەنجامدەری رووداوی تەقەکردنەکەی واشنتن کە بەهۆيەوە دوو کارمەندی باڵيۆزخانەی ئيسرائيل کوژران دەستگيرکرا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکاش هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکەوە خستەڕوو.
بە گوتەی بەرپرسانی پۆليس تەقەکەرەکە دەستگيرکراوە، کەسێکی تەمەن 30 ساڵە بەناوی ئيلياس رۆدريگێز، بەگوێرەی ئەو ڤيديۆيەی بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی دەستگيرکردنيدا دروشمی پاڵپشتی بۆ فەڵەستين دەڵێتەوە.
سەرۆکی ئەمريکا لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی تروس نوسیوویەتی، "ئەم تاوانە ترسناکانە لە واشنتن دی سی، کە بە ڕوونی پاڵنەرەکانیان دژە جووە، دەبێت کۆتاییان پێبهێندرێت".
ترەمپ، سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و راشيگەياند، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێگەی رق و کینە و توندڕەوی نابێتەوە.
هەروەها، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بەرپرسیارن لە تەقەکردنەکەی واشنتن و رووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە".
هاوکات گيدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن.
شەوی چوارشەممە بە کاتی ئەمريکا، لە رووداوێکى تەقەکردندا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن کوژران.
کریستی نوعم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، رووداوەکە لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە ناوەندی شاری واشنتن دی سی روویداوە و بەهۆیەوە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژراون.
22/05/2025