باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا: رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کوشتن بۆ ئامانجی سیاسی بەکار دەهێنن

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لەسەر رووداوی کوژرانی دوو ئەندامی باڵیۆزخانەکەیان لەواشنتن دەڵێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا رووبەڕووی ئەم کارە بێ رەوشتییە دەبنەوە، ئاماژەیکرد بەوەی ئەو دوو ئەندامەی ستافی باڵیۆزخانەکە دوو گەنج بوون کە خۆشەویستی یەکدیی بوون و هەفتەی داهاتوو هاوسەرگیرییان دەکرد.
یەحیئیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە کەسانی خۆڕاگرین، خەڵکی ئیسرائیل خۆڕاگرە، خەڵکی ئەمریکا خەڵکانی خۆڕاگرن، پێکەوە ناترسین، پێکەوە رادەوەستین و رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کە وادەزانن بەرژەوەندیی سیاسیی لەرێگەی کوشتنەوە بەدەستدەهێنن".
هەروەها یەحیئیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا ئەوەشی گوت، "پێکەوە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و سەرۆکوەزیران نەتانیاهوو دەوەستین، بەهێزەوە پاڵپشتیی یەکدەبین و پێکەوە و بە توندی رووبەڕووی ئەم کارە بێ رەوشتییە دەبینەوە، ئێستاش ئاگامان لە خێزانی قوربانییەکان دەبێت".
ئەوە لە کاتێکدایە، کەسێک لە واشنتن بە چەک هێرشیکردە سەر دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و هەر دووکیانی کوشت.
بەرپرسانی ئەمریکا هێرشەکەیان ئیدانەکردووە و رایانگەیاندووە، تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی ئایاری 2025) بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رێنمایی و فەرمانی دەرکردووە تاوەکو ئاسایشی ئۆفیسەکانیان لە هەموو جیهان توندتربکەن و نوێنەری وڵاتەکەیان لە هەر جێگەیەک بێت، پارێزگاریی لێبکرێت.
22/05/2025