ئیسرائیل وڵاتانی ئەوروپا بە هاندەرى رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، وڵاتانی ئەوروپا بەهاندەرى رووداوی تەقەکردنەکەی واشنتن تۆمەتبار دەکات کە تێیدا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کوژران.
گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوەی بەرامبەریان کرا لەواشنتن، پەیوەندیی راستەوخۆی بە هاندانی خەڵکەوە هەیە بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل و جوو کە سەرکردە و بەرپرسی زۆر وڵات رۆڵیان تێیدا هەبووە، بەتایبەتیش سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا.
رۆژی چوارشەممە، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا دژی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە و رووداوی تەقەکردن بەسەر تیمێکی دیپلۆماسی لە کەناری خۆرئاوا هاتنە دەنگ و ئیسرائیلیان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبارکرد.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جگە لە سەرکردەی ژمارەیەک لە وڵاتان، هاوکات، بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشی بە هاندان دژی ئیسرائیل و جووەکان تۆمەتبارکرد.
پێشتریش، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لەسەر رووداوی کوژرانی دوو ئەندامی باڵیۆزخانەکەیان لە واشنتن گوتی، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا رووبەڕووی ئەم کارە بێ رەوشتییە دەبنەوە.
راشیگەیاند، ئەو دوو ئەندامەی ستافی باڵیۆزخانەکە دوو گەنج بوون کە خۆشەویستی یەکدی بوون و هەفتەی داهاتوو هاوسەرگیرییان دەکرد.
22/05/2025