بەریتانیا: ساڵی 2024 هاتنی کۆچبەر بەرێژەی 50% کەمیکردووە

بە گوێرەى ئامارێکى فەرمى، لە ساڵی 2024 دا چوونى کۆچبەر بۆ بەریتانیا بەرێژەی 50٪ کەمیکردووە.
دەزگای ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو 431 هەزار کەس روویان لە وڵاتەکەی کردووە، لەکاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی 2023 نزیکەی 860 هەزار بووە.
ئەوەش دەریدەخات، ساڵی رابردوو، گەیشتنی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە، بەرێژەی 50% کەمیکردووە، ئەوەش گەورەترین کەمبوونەوەی هاتنی کۆچبەرە لە پاش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پرۆژەیەکی نوێی بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە راگەیاند، کە لە وڵاتەکەی مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە و جەختیکردەوە، سنوورەکانی وڵاتەکەی بەتەواوەتی توندوتۆڵدەکەنەوە.
بەگوێرەی پرۆژەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە ناوینابوو ناوەندی پاراستنی پەنابەران لە وڵاتی سێیەم، ئەو پەنابەرە نایاساییانەی مافی پەنابەرێتییان نییە، دەنێردرێنە وڵاتی سێیەم و لەناوەندێکدا رادەگیرێن تاوەکو کاتی دیپۆرتکردنەوەیان.
22/05/2025