لە بەندەرى ئومقەسر دەستبەسەر 110 هەزار تۆن کبریتدا گیرا

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق، هەوڵێکى بەقاچاخبردنى بڕى 110 هەزار تۆن ماددەى کبریتى لەڕێگەى بەندەرى ئومقەسرى بەسڕەوە پوچەڵکردەوە و 15 تۆمەتباریش دەستگیرکران.

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، دواى گەیشتنى زانیاریی هەواڵگریی ورد لەبارەى هەوڵى بە قاچاخبردنى بڕێکى زۆرى ماددەى کبریت بۆ دەرەوەى عێراق، دەستبەجێ مەفرەزەکانیان لە بەسڕە، گەیشتوونەتە بەندەرى ئومقەسر و بە هەماهەنگى لەگەڵ دەستەى دەروازە سنوورییەکان و هێزى دەریایی، دەستگیرا بەسەر کەشتیەکدا کە 10 هەزار تۆن کبریتى تێدابووە و ئامادەکرابوو بۆ بەقاچاخبردنى، دواتریش لە کۆمپانیاى تێوەگلاو لە پرۆسەى بە قاچاخبردنەکە، دەستگیرا بەسەر 16 بارهەڵگر کبریت کە بەرێگاوەبوون بەرەو بەندەرى ئومقەسر .

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانی راشیگەیاندووە، لە کاتى پشکنینى کۆگاکانى کۆمپانیاکە 100 هەزار تۆنى دیکە لە ماددەى کبریت دەستی بەسەرداگیرا، کۆى گشتى بڕى دەستبەسەرداگیراو گەیشتە 110 هەزار تۆن، لە پرۆسەکەشدا 15 تۆمەتبار دەستگیرکران و دەرکەوت هیچ بەڵگەنامەیەکى رێگەپێدانى فەرمییان نەبووە بۆ بردنەدەرەوەى ماددەکە.

ماددەى کبریت لە چەندین بوارى سەربازى و کشتوکاڵى و تەندروستیدا بەکاردەهێنرێت، کبریت لە دروستکردنى باروتى تەقەمەنى و پەینى کیمیایی، زۆرجاریش تێکەڵ بە گازى سروشتى دەکرێت، کبریت ماددەیەکى کیمیایی مەترسیدارە و کاریگەریی لەسەر کۆئەندامى هەناسەدان هەیە.