شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا لە هەولێرن

شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا سەردانى شارى هەولێریان کرد و لەلایەن شاندى وەزارەتى بازرگانیى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا، شاندەکە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی تورکیاوە پاڵپشتیکراوە و نوێنەری 30 هەزار کۆمپانیایان لەگەڵە.
بیلال کوتوک سەرۆکى شاندەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامانجى سەرەکیى سەردانەکەیان زیادکردنى تواناى هەناردەکردنى وڵاتەکەیانە لە سەرجەم کەرتەکاندا و بەشداریکردنە لە رەخساندنى هەلى کار لە بازاڕى نێودەوڵەتیدا.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئامانجیانە قەبارەى بازرگانى نێوان تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق زیادبکەن.
بیلال کوتوک سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا گوتی، "ئێمە وەک کۆمەڵەى هەناردەکارانى کاروکانزاکانى تورکیا لە ساڵى 2024دا 34%ـى کۆى هەناردەکردنى تورکیامان پێکهێناوە و نوێنەرایەتیى 30 هەزار ئەندامى چالاکمان دەکەین، کە لە کەرتەکانى پۆڵا، کارەبا و ئەلیکترۆنى، کانزا، ئاسن و ماددە کیمیاییەکان، کاردەکەین".
کوتوک گوتیشی، "ئامانجى سەرەکیمان زیادکردنى تواناى هەناردەکردنى وڵاتەکەمانە لە سەرجەم کەرتەکاندا و بەشداریکردنە لە رەخساندنى هەلى کار لە بازاڕى نێودەوڵەتیدا".
ئەوەشی گوت، "شاندەکەمان ئامانجیەتى ئاستى قەبارەى بازرگانى بەرزبکاتەوە، کە ئەمڕۆ 21 کۆمپانیا لە بوارەکانى وزە، مادەى کیمیایى، ئاسن و پۆڵا، پلاستیک، مۆبیلایات و بەرهەمى کشتوکاڵى و چەند بوارێکى دیکە کار دەکەن".
سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا راشیگەیاند، "کۆمپانیاکانمان بۆ دروستکردنى هاوبەشى پەیوەندییە بازرگانییەکانى پێشخستنى کەرتى ئابوورى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان و عێراق لێرەن کە ئامانجیان پەرەپێدانى پرۆژەى هاوبەش و رەخساندنى هەلى کارە".
27/05/2025