بازرگانیی جیهانی: فرۆشی تێسلا 52% دابەزیوە

ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی تێسلا. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی تێسلا. فۆتۆ: AP

گرووپی بازرگانیی جیهانی کەمبوونەوەی فرۆشی کۆمپانیای تێسلای بۆ زیاتر لە نیوە راگەیاند و هۆکاری کەمبوونەوەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی پشکی کۆمپانیا چینییەکان گەڕاندەوە.

کۆمپانیای تێسلا، کە ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات، رێژەی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی لە مانگی نیساندا بەرێژەی 52.6 % دابەزیوە، کە هاوتایە لەگەڵ کەمبوونەوەی فرۆشی بڕی پێنج هەزار و 475 ئۆتۆمبێل، بەراورد بە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو.

ئەوە لەکاتێکدایە، کۆمپانیاکە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا و بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردوو، 41 هەزار و 677 ئۆتۆمبێلی کەمتر فرۆشتووە.

کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێلی تێسلا لەکاتێکدایە، لە وڵاتانی ئەوروپا خواستێکی زۆر بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەیە و رێژەی خواست بەراورد بە ساڵی رابردوو 26.4% زیادیکردووە، بەڵام خواستى زیاتر لەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەکانە.

بەگوێرەی داتاکانى گرووپی بازرگانیی جیهانی، هۆکاری کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا دەگەڕیتەوە بۆ بەشداریکردنی ئیلۆن مەسک لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی ئەمریکادا.