ئەمڕۆ یەکەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی خانووبەرە و وەبەرهێنان لە سلێمانی دەکرێتەوە

120 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن لە پێشانگەکەدا
120 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن لە پێشانگەکەدا

گەورەترین پیشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان و خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازیی مۆدێرن، رۆژى چوارشەممە 28ـى ئایار لە سلێمانی بە بەشداریى 120 کۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانى بەڕێوەدەچێت.

وریا فەیسەڵ، بەڕێوەبەرى فرۆشتن لە پیشانگەى نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان و خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازیی مۆدێرن، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "ئەمە یەکەم ساڵە ئەم جۆرە پیشانگە نێودەوڵەتییە لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە و لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بە بەشداریی زیاتر لە 120 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دەستپێدەکات و چوار رۆژ دەخایەنێت".

گوتیشى، "ئامانج لە کردنەوەى پیشانگەکە بۆ ئەوەیە کۆمپانیا و پرۆژە جیاوازەکان، ئۆفەرەکانى خۆیان بخەنەڕوو بۆ هاونیشتمانییان، تاوەکو سوودمەندبن لە پرۆژەکانى نیشتەجێبوون".

وریا فەیسەڵ، باسى لەوەشکرد، دەیان کۆمپانیاى بیانى بەشدارن و دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان گرێبەست بکەن بۆ پرۆژە و کارى نوێ، بەوەش پرۆژەى وەبەرهێنان و هەلى کار لە شارى سلێمانى زیاد دەکات.

روونیشیکردەوە، ژمارەیەک کۆمپانیا بە بەرهەمەکانی ئێران و تورکیا و لوبنان و ئیسپانیا و چین بەشدارن، نمایشی ئەو بەرهەمانە دەکەن کە تایبەتن بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و خانووبەرە".