رووماڵی کەنال8

پێشانگەی وەبەرهێنان و خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

وێنەی گۆشەیەک لە پێشانگەی وەبەرهێنان و خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازی لە سلێمانی
وێنەی گۆشەیەک لە پێشانگەی وەبەرهێنان و خانووبەرە و کەرەستەی بیناسازی لە سلێمانی

ئەمڕۆ 28ـی ئایار، پێشانگەی وەبەرهێنانى خانووبەرە و کەرتی بیناسازی لە سلێمانی بە بەشداریی نزیکەى 140 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەرێوەدەچێت.

عەلی بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای" ئەحداس تەقەدوم"، کە سەرپەرشتی پێشانگەکە دەکات رایگەیاند، "مەبەستی سەرەکی لە کردنەوەی پێشانگەکە ئەوەیە هاونیشتمانییان سوودمەندن بن لە بەشدارییکردن لە کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە رێگەی ئەو ئۆفەر و داشکاندنانەوە، کە دەکرێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەکانی یەکە نیشتەجێبووەکان بەشداری پێشانگەکەن".

روونیشیکردەوە، "چەندین کۆمپانیای بیانی وڵاتانی ئێران، تورکیا، لوبنان، ئیسپانیا و چین بەشداری پێشانگەکەن و نمایشی پرۆژەکان، کەرەستەکان و تایبەتمەندییەکانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و هەلی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی دەکەن".

پێشانگەکە لەناو بینای پێشانگەی نێودەوڵەتی لە تاسڵوجە لە رۆژانی 28 تاوەکو 31ـی ئایار بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر 11ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 7ـی ئێوارە کراوە دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 28/05/2025
جەبار حسین

جێگری پارێزگاری سلێمانی: سلێمانى گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە

پێشانگەی وەبەرهێنانى خانووبەرە و کەرتی بیناسازی بەبەشدارى نزیکەى 140 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە سلێمانی دەستیپێکرد، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە کەناڵ8ـى راگەیاند، پێشانگەکە تەواوکەرى ئەو پێشانگەیانەى دیکەیە، کە پێشتر بەمەبەستى ئاشنابوونى کۆمپانیاکان بە سلێمانى و پێشخستنى کەرتى وەبەرهێنان رێکخرابوون.

شاهۆ عوسمان، ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان توانیویانە کەشێکى ئارام و ئازاد دروستبکەن بۆ ئەوەى کۆمپانیاکان روو لە سلێمانى بکەن و لە چەند ساڵى رابردووشدا پارێزگاکە لە بوارى وەبەرهێنان گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، جەختیلەوەشکردەوە، لە داهاتوویەکى نزیکدا پێشکەوتنى گەورەتر لە سلێمانى دەبینرێت.

نوێکراوەتەوە / 28/05/2025
جەبار حسین

نەوزاد غەفور: سلێمانى لە زۆر سێکتەردا پێشەنگە

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە پێشانگەی وەبەرهێنانى خانووبەرە و کەرتی بیناسازی لە سلێمانی، بە کەناڵ8ى راگەیاند، سلێمانى لە کەرتى وەبەرهێناندا بەتایبەت لە پیشەسازى و نیشتەجێبووندا پێشکەوتووە و لە زۆرێک لە سێکتەرەکاندا لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق پێشەنگە.

نەوزاد غەفور، ئاماژەى بەوەشکرد، ئامانجى پێشانگەی وەبەرهێنانى خانووبەرە و کەرتی بیناسازی لە سلێمانی بەرزکردنەوەى جۆر و کولێتى پرۆژەکانە.

نوێکراوەتەوە / 28/05/2025
جەبار حسین

مستەفا عەبدولڕەحمان: سلێمانى دەتوانێت پێداویستیی عێراق لە چیمەنتۆ پڕبکاتەوە

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکى یەکێتیى هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، لە پێشانگەی وەبەرهێنانى خانووبەرە و کەرتی بیناسازی لە سلێمانی، بە کەناڵ8ى راگەیاند، زیاتر لە 20%ى کارگەکانى پیشەسازى لەسەر ئاستى عێراق لە سلێمانى هەیە.

گوتیشى، لە سلێمانى بڕێکى زۆر لە شیش و چیمەنتۆ بەرهەمدەهێندرێت و هەناردەى شارەکانى عێراقى دەکەن و دەشتوانن پێداویستى عێراق لە چیمەنتۆ پڕبکەنەوە.

مستەفا عەبدولڕەحمان ئاماژەى بەوەشکرد، کار بۆ ئەوە دەکرێت شیش و چیمەنتۆ لە سلێمانییەوە هەناردەى سووریا بکرێت.