نۆیەم تاقیکردنەوەی کەشتیی ئاسمانیی ستارشیپ شکستیهێنا

ئەمڕۆ کۆمپانیای سپەیس ئێکس، نۆیەم تاقیکردنەوەی کەشتیی ئاسمانیی ستارشیپی ئەنجامدا، هاوشێوەی دوو تاقیکردنەوەی رابردوو، ستارشیپ جارێکی دیکە شکستیهێنا.
ئەمە یەکەمجار بوو کەشتیی ئاسمانیی ستارشیپ بە بوستەرێکی ریسایکلکراوەوە تاقیکردنەوە بکات، واتە بزوێنەرەکەی لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا بەکارهێنراوە، لە خاڵێکدا بووستەرەکە پەیوەندیی لەگەڵ زەویدا پچڕا و لە ئاسماندا تەقییەوە.
پاشان کەشتییە ئاسمانییەکە بەهۆی لێچوونی سووتەمەنییەوە لە کۆنترۆڵ دەرچوو، دەستی بە خولانەوە کرد و نیشتنەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراوی لە زەریای هیندیدا ئەنجامدا.
سپەیس ئێکس، لە راگەیەندراوێکی ئۆنڵایندا پشتڕاستی کردەوە، کەشتییە ئاسمانییەکە "هەڵوەشاندنەوەیەکی خێرا و بێ بەرنامە"ی ئەزموون کردووە، کۆمپانیاکە راشیگەیاند، "تیمەکان بەردەوام دەبن لە پێداچوونەوە بە داتاکان و کاردەکەن بۆ تاقیکردنەوەی داهاتوو".
دوو تاقیکردنەوەی پێشووی ستارشیپ هەرگیز نەیانتوانی بە زەریای کاریبیدا تێپەڕن، تەنیا چەند خولەکێک دوای بەرزبوونەوەیان لە ئاسماندا تەقینەوە و پارچەکانیان کەوتە ناو زەریا، هیچ بریندارێک و زیانێکی گەورەی لێنەکەوتەوە.
28/05/2025