فازڵ میرانى: بڕینى مووچە مایەى شەرمەزارییە

فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان
فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان

فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت، مووچەخۆرانى حکومەت، بە گوێرەى دەقێکى یاسایی روون مووچە وەردەگرن و بەشێک نین لە گرێبەستێکى سیاسى و نابێت تێکەڵبکرێت بەو دۆسییانەى پەیوەستن بە دەزگا فیدراڵییەکان.

فازل میرانى، لە پۆستێکدا لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، فەرمانبەرانى حکومەت کە سەرجەم مەرجەکانى فەرمانبەرییان تێدایە، بەگوێرەى دەقێکى یاسایەکى روون مووچەکانیان وەردەگرن، بەگوێرەى یاساى رێکخستنى فەرمانبەرى دەوڵەت، هیچ بڕگە و ماددەیەکى یاساکەیان لە رووى سزادانەوە بەسەردا جێبەجێنابێت، لەکاتێکدا سزادانى فەرمانبەر بە بڕینى مووچەکەى پێویستە سەرەتا سەرنجراکێشانى بۆ بکرێت و دواتر ئاگادارکردنەوە و پاشان مووچەبڕین.

میرانى دەشڵێت، بۆچى بە بڕین و دواخستنی مووچە سزای فەرمانبەرانی کوردستان دەدرێت و کەسانی بێتاوان تێکەڵدەکرێن لەو دۆسییانەى پەیوەستن بە دەزگا فیدراڵییەکان.

وەک فازڵ میرانى لە پۆستەکەیدا دووپاتیکردووەتەوە، فەرمانبەرانی کوردستان فەرمانبەری عێراقین، ناو و ناونیشان و وێنەی کەسی و زانیارییەکانیان ئەوە دەرناخات کە بیانین یاخود هێزێکن کار بۆ وڵاتى دیکە دەکەن.

بەگوتەى میرانى، مایەى شەرمەزارییە کە دەسەڵاتداران سزاى ئەو کەسانە دەدەن کە هیچ سەرپێچییەک و تاوانێکی بچووک و تاوانێکی گەورەیان نەکردووە، فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان گرێبەستى سیاسی نین، هاوشێوەى فەرمانبەرانى دیکەى عێراق مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە.