فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل لازقییە و تەرتووسیان لە سووریا بۆردوومانکرد

فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل چەند پێگەیەکیان لە پارێزگاکانى لازقییە و تەرتووسى سووریا بۆردوومانکرد، سوپاى ئیسرائیلیش رایگەیاند لە هێرشەکەدا کۆگایەکى چەکى ستراتیجى لەناوبراوە کە هەڕەشە بوو بۆسەر ئاسایشى دەریاوانى وڵاتەکەیان.
تەلەڤزیۆنى ساناى سووریا بڵاویکردەوە، شەوى رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل دەوروبەرى بەندەرى تەرتووس و شارەدێى جەبلە و گوندەکانى (زاما، برج ئیسلام)یان لە گوندەوارى لازقییە بۆردوومانکردووە و جگەلە زیانى ماددى، کەسێک کوژراوە و سێ کەسى دیکەش برینداربوون.
هاوکات سوپاى ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە بۆردوومانەکاندا کۆگایەکى موشەکى زەوى بە دەریا لە لازقیە کراوەتە ئامانج، کە هەڕەشە بوو بۆ ئاسایشى دەریاوانیی نێودەوڵەتى و ئیسرائیل.
لایخۆشییەوە، یسرائیل کاتز، وەزیرى بەرگریی ئیسرائیل دووپاتیکردووەتەوە، پارێزبەندى بۆ هیچ لایەنێک نییە و رێگەنادەن هەڕەشە لە ئیسرائیل بکرێت.
راشیگەیاند، هێزەکانیان لە هێرشێکدا کۆگایەکى چەکى ستراتیجییان لە سووریا لەناوبردووە کە هەڕەشەى راستەوخۆى لەسەر ئیسرائیل دروستکردبوو.
31/05/2025