ئیلۆن مەسک کۆشکی سپی جێهێشت

ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، ماوەی 130 رۆژ، سەرپەرشتی وەزارەتێکی نوێی لە ئیدارەکەی ترەمپ کرد بە ناوی "وەزارەتی کارامەیی حکومەت". کە ئامانجەکەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا بوو..
مەسک کە هاوکات راوێژکاری باڵای ترەمپ بوو بەبێ وەرگرتنی هیچ مووچەیەک لەو ماوەیەدا سێ ئەرکی لە ئەستۆ گرت، ئەوانیش کەمکردنەوەی خەرجییەکان و فەرمانبەرانی دامەزراوە فیدراڵییەکان بوو لەگەڵ داخستنی چەند فەرمانگەیەک.
ئیلۆن مەسک بە ئامانجی کەمکردنەوەی یەک تریلیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست چووە کۆشکی سپی، بەڵام کاتێک ئیدارەی ترەمپی جێهێشت، بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەکەی تەنیا 175 ملیار دۆلاری خەرجیی ناپێویستیان کەمکردووەتەوە کە زۆر کەمترە لەو بەڵێنەی کە درابوو.
ترەمپ و مەسک دانیان بەوەدانا جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان ئەرکێکی قورسە و تاوەکو ئێستا ئامانجەکەیان نەپێکاوە، ترەمپ ئەرکی وەزارەتەکەی مەسکی بە گۆڕینی سیستم چواند..

هەرچەندە ترەمپ بە داهێنەر و خزمەتکاری گەورەی ئەمریکا ناویبرد، بەڵام مەسک لەناوخۆی وڵاتەکەدا لەماوەی کارەکەیدا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، کە لە رێوڕەسمی بەجێهێشتنی کۆشکی سپیدا ناڕاستەوخۆ وەڵامی بەشێک لە رەخنەکانی دایەوە کە میدیاکانی ئەمریکا بە یەکێک لە هۆکارەکانی وازهێنانیان دانا
ئیلۆن مەسک گوتى، "لەهەر شوێنێک کەمکردنەوەی کارمەند و خەرجی هەبووبێت، خەڵکی پێیانوابووە یان بەهۆی ئێمە و وەزارەتی کارامەییەوە بووە، تەنانەت کچی هاوڕێیەکم بۆ راهێنانی یاسایی سەردانی ئەنجوومەنی پیرانی کردووە و دوورخراوەتەوە وایزانیوە بەهۆی ئێمەوەیە، ئەوە راست نییە، هەموو کەمکردنەوەکان بەهۆی ئێمەوە نەبووە."
ترەمپ لەکاتی ماڵئاواییدا کلیلێکی ئاڵتونی وەک رێزلێنانێک پێشکەشی ئیلۆن مەسک کرد و ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە مەسک بە شێوەیەکی فەرمیی لە ئەرکەکەی بەردەوام نابێت بەڵام لە هاوکارییکردنی تیمی بەڕێوەبردنی وەزارەتی کارامەیی حکومەت بەردەوام دەبێت.

31/05/2025