هەموو شتێک لەبارەی تواناکانی Veo 3ـی گوگڵ بزانە

مۆدێلی ژیریی دەستکردی Veo 3ـی گوگڵ
مۆدێلی ژیریی دەستکردی Veo 3ـی گوگڵ

مۆدێلی ژیریی دەستکردی Veo 3، نوێترین مۆدێلی بەرهەمهێنەری ڤیدیۆی گوگڵە، لە کۆنفرانسی گەشەپێدەرانی گوگڵ کە لە 20 و 21ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو راگەیەندرا، ئەم  مۆدێلە دەتوانێت لەرێگەی تێکستەوە یاخود تەنیا وێنەیەکەوە ڤیدیۆت بۆ بەرهەمبهێنێت، تواناکانی لە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆدا بەکارهێنەران و بینەرانی سەرسامکردووە.

تێکست

هاوشێوەی ئەو ئامرازانەی کە ئێستا هەن و بە ژیریی دەستکرد کاردەکەن، Veo 3 لە رێگەی تێکستەوە ڤیدیۆکان بەرهەمدەهێنێت، بەڵام توانای تێگەیشتنی ئامرازەکە بۆ تێکستی ئاڵۆز و چەند داواکارییەک لە یەککاتدا سەرسوڕهێنەرە، بە وردی دوای داواکاری بەکارهێنەرەکە دەکەوێت و بۆی جێبەجێ دەکات.

دەنگ

ئەوەی Veo 3 جیادەکاتەوە لە هەموو ئامرازەکانی پێش  خۆی، توانای مۆدێلەکەیە بۆ دروستکردنی دەنگ.

مۆدێلەکە دەتوانێت دەنگی باکگراوند، ئیفێکتی دەنگ و گفتوگۆش بەرهەمبهێنێت، بۆ نموونە:دەنگی تەپەی پێ و جیڕەی دەرگا، هاوکات کارەکتەرەکانی ناو ڤیدیۆکان دەتوانن ئەو قسانە بکەن کە بەکارهێنەرەکە داوایکردووە، ئەمەش توانایەکە تاوەکو ئێستا لە ئامرازەکانی دیکەدا نەبووە، هەر بۆیە ئەو ڤیدیۆیانەی ڤیۆ بەرهەمیدەهێنێت زۆر لە راستەقینە دەچێت و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ڤیدیۆ

کوالێتی گرتە ڤیدیۆییەکانی ڤیۆ زۆر نزیکە لە کوالێتی ڤیدیۆکانی هۆڵیوود، مۆدێلەکە ڤیدیۆکانی بە کوالێتی 4K دروستدەکات، بە رووناکییەکی زۆر گونجاو، هەروەها یاسا فیزیکییەکانی جیهانیش لەبیرناکات.

بۆ نموونە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی لە گۆشەیەکدا پێچبکاتەوە، شوێنپێی تۆز و سێبەرەکان بە شێوەیەکی سروشتی دەردەکەون یاخود ئەگەر کەسێک رابکات، جوڵەکانی رێز لە یاسا فیزیاییەکانی وەکو زەبری هێز و کێشکردن دەگرن، ئەم پابەندبوونەی مۆدێلەکە بە راستەقینەیی ڤیدیۆکانییەوە، درێژ دەبێتەوە بۆ دەست و دەموچاوی کەسەکان کە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد سەخت بوو بۆیان بتوانن پێنج پەنجەی مرۆڤ دروستبکەنەوە یاخود جوڵەی دەموچاو لەگەڵ قسەکردندا رێکبێت، بەڵام لە ڤیۆدا کارەکتەرەکان پێنج پەنجەیان هەیە و جوڵەی دەموچاویان بە وردی هاوکاتە لەگەڵ دەنگ و قسەکانیاندا.

هەموو ئەم باشترکردنانەش لە ئەنجامی راهێنانی زیاتری مۆدێلەکەیە، هەرچەندە گوگڵ ئاشکراینەکردووە لەسەر چی راهێنانی بە Veo 3 کردووە، بەڵام بەو پێیەی یوتیوب سەر بە گوگڵە، پێشبینی دەکرێت مۆدێلەکە لەسەر ڤیدیۆکانی یوتیوب راهێنانی پێکرابێت.

بەردەستبوون

مۆدێلی Veo 3 لەناو ئامرازی Flowـدا بەردەستە کە پلاتفۆرمێکی نوێی گوگڵە و تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی سینەمایی.

هەرچەندە Flow هێشتا نەگەیشتووەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام گوگڵ کار لەسەر ئەوەدەکات لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بۆ بەکارهێنەران بەردەستیبخات.

ئەوەی کە ئێستا بەردەستە و بتوانن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن، مۆدێلی Veo 2ـی گوگڵە، ئەویش بە هەمان شێوە مۆدێلێکی زیرەکە و لەرێگەی تێکستەوە ڤیدیۆ بەرهەمدەهێنێت بەڵام بە بێ دەنگ.

زۆری داواکاری لەسەر Veo 3 وایکرد کە گوگڵ بەخێرایی لە 73 وڵاتدا بەردەستیبخات، بە گوتەی دێمس هەسابس، بەڕێوەبەری جێبجێکاری گوگڵ دیپمایند، بەکارهێنەران رۆژانە بە ملیۆنان ڤیدیۆ بەرهەمدەهێنن و پێشبینی تیمەکەی تێپەڕاندووە، هەروەها دەشڵێت کەتیمەکەی زۆر بە خێرایی کاردەکەن تاوەکو سیستمەکانیان بە جێگیری بهێڵنەوە.

هەروەها تایبەتمەندی نوێ بۆ Veo 3 لە پەرەپێداندایە، لەوانە دروستکردنی وێنە بۆ ڤیدیۆ لەناو ئەپی جێمنای، دەنگی یەکگرتووتر، خێراترکردنی پرۆسەکە و پشتگیری بۆ هەژمارەکانی گوگڵ وۆرکسپەیس.

ئێستا هەموو ئەو ڤیدیۆیانەی بە Veo 3 دروستدەکرێن وەتەرمارک یاخود پەنجەمۆری دیجیتاڵییان هەیە، گوگڵ دەڵێت ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە تاوەکو بە روونی ڤیدیۆکان بناسرێنەوە، هەروەها گوگڵ کاری لەسەر ئامرازێکی نوێ کردووە بە ناوی "SynthID Detector" تاوەکو بتوانرێت لە رێگەیەوە بەرهەمە دروستکراوەکانی گوگڵ بناسرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەکارهێنەرانی ئەڵترا دەتوانن بە بێ وەتەرمارکیش ڤیدیۆ بەرهەمبهێنن، ئەمەش کەمێک بووەتە جێگەی مشتومڕ بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیانەی ئامرازەکە بەرهەمیدەهێنێت زۆر لە راستەقینە نزیکە، ئەمەش پرسی بڵاوکردنەوەی بەرپرسیارانەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد لەلایەن گوگڵەوە دەوروژێنێت.