گوگی وا تیۆنگو ئایکۆنی ئەدەبیاتی ئەفریقا کۆچی دوایی کرد
حەسەن فەلاح 04/06/2025

گوگی وا تیۆنگو، گەورە نووسەری دیاری کینیا و کیشوەری ئەفریقا، لە تەمەنی 87 ساڵییدا کۆچی دوایی کرد.
تیۆنگو، وێڕای نووسین لە بواری ئەدەبیاتدا، چالاکوانێکی دیاری وڵاتی کینیا و کیشوەری ئەفریقا بووە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نووسەرانی وڵاتەکەی و کیشوەرەکە دروستکردووە.

تیۆنگو لە سایەی نووسین بە زمانی رەسەنی گیکویو ناوبانگی بەدەستهێناوە، رەخنەگرێکی گەورە و دیاری کۆڵۆنیاڵیزم، دەسەڵاتخوازیی و ئیمپریالیزمی کولتووری بووە، لەڕێگەی چیرۆک، وتار و شانۆییەکانەوە بەردەوام هەوڵی بۆ دادی کۆمەڵایەتیی و بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانیی داوە.

تیۆنگو یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتییە ئەدەبییەکانی جیهان، زۆرکات کێبڕکێکارێکی گەورەی خەڵاتی نۆبڵ بووە بۆ ئەدەبیات، لەماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، زیاتر لە 30 بەرهەمی ئەدەبی بە ژانرای جیاواز نووسیوە.
حەسەن فەلاح
04/06/2025