دواى جەژن وەرگرتنى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات

بڕیارە دواى جەژنى قوربان پرۆسەى وەرگرتنى بەرهەمى گەنمى ئەمساڵى جوتیارانى هەرێمى کوردستان لە سایلۆکان دەستپێبکات.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رۆژى 10ـی حوزەیران پرۆسەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە هەڵەبجە و سلێمانى دەستپێدەکات.
گوتیشى، بەگوێرەى ئەو بڕەى لە بەغدادەوە بۆیان دیاریکراوە، 45 هەزار تۆن لە سلێمانى وەردەگیرێت و 13 هەزار تۆنیش لە جوتیارانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە وەردەگیرێت.
پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بڵاویکردەوە، رۆژی 12ـی حوزەیران، دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران له سنووری پارێزگای ههولێر دەکرێت.
بەگوێرەى بڕیارى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، یەک تۆن گەنمى پلە یەک بڕى 2% بۆ 3% پارەکەى لێ دەبڕدرێت بۆ بنەتۆ و لەبریى 850 هەزار دینار، 835 هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، هەروەها بۆ گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار بۆ یەک تۆن گەنم دەدرێتە جوتیاران.
04/06/2025