نەوتی عێراق: کەمکردنەوەى سوتانی گاز 17 ملیار دۆلارى گەڕاندووەتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت

کێڵگەیەکی نەوت و گازی عێراق
کێڵگەیەکی نەوت و گازی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی کەمکردنەوەی رێژەی سوتانی گاز و وەبەرهێنان تیایدا زیاد لە 17 ملیار دۆلاریان بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە، دەشڵێت، تا ساڵی 2030 عێراق دەبێتە یەکێک لە هەناردەکارە بەردەوامەکانى گازی سروشتی بۆ بازاڕەکانی جیهان.

عزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری گاز، رایگەیاندووە؛ رێژەی وەبەرهێنان لە گازی سروشتیدا ساڵانە و لەپاش 2022ـەوە زیادیکردووە و لە ساڵی 2024ـدا گەیشتووەتە 70٪.

دەشڵێت، بەهۆی ئەو هەنگاوانەی گیراوەتەبەر لە سێ ساڵی رابردوودا سوتانی گاز بەڕێژەی 17٪ کەمبووە و ئەوەش 17 ملیار دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی سوتانی گازی هاوەڵ.

ئاشکراشیکردووە، بەهۆی ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر، لە کۆتایی 2027ـدا  پرسی سوتانی گاز بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنرێت و چەندین پرۆژەی نوێش لە بواری وەبەرهێنانی گازی سروشتی جێبەجێدەکرێت کە  هەزاران هەلیکار دەڕەخسێنێت.

عزەت سابیر باسی لەوەشکردووە، لەمساڵدا عێراق دەستدەکات بە هەناردەکردنی یەک ملیۆن تۆن لە گازی شل و هەر تۆنێکیش نرخی 500 دۆلارە، بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرە لە زیادکردنی هەناردەی گاز، جگەلەوەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەیەوێت هاوردەی گازی وشک کەمبکاتەوە و بڕى هاوردەکردنى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ کەمتر لە 30% دابەزیوە و کاریگەریی بنەڕەتیشى لەسەر سیستمى کارەبا نەبووە.