حاجییان بەردەوامن لە بەجێگەیاندنى رێوڕەسمەکانى حەج

بەردبارانکردنى شەیتان لە دۆڵى مینا
بەردبارانکردنى شەیتان لە دۆڵى مینا

حاجییان بەردەوامن لە بەجێهێنانى رێوڕەسمەکانى حەج و لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە یەکێکى دیکە لە ئەرکە سەرەکییەکانى حەجیان دەستپێکردووە کە بریتییە لە بەردبارانکردنى شەیتان لە دۆڵى مینا.

رۆژى پێنجشەممە، زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار حاجى، بە مانەوەو نوێژکردن لەسەر کێوى عەرەفات گەورەترین پایەى حەجیان بەجێهێنا، ئێوارەکەشى بۆ پشوو وەرگرتن روویانکردە موزدەلیفە کە دەکەوێتە نێوان کێوى عەرەفات و مینا.

 لە بەرەبەیانى ئەمڕۆشەوە کە یەکەم رۆژى جەژنى قوربانە، حاجییان روویان لە دۆڵى مینا کردووە بۆ بەجێهێنانى ئەرکى بەردبارانکردنى شەیتان لەو سێ دیواربەندەى لە دۆڵى مینا دروستکراون و بە بەردبانکردنى گەورە ناسراوە.

دواى بەردبارانکردنى شەیتان لە دۆڵى مینا، حاجییان پایەکی دیکەى حەج بەجێدەهێنن کە بریتییە لە قوربانیکردن و سەربڕینى ئاژەڵ، دواتریش ئەرکى سەرتاشین و کورتکردنەوەى موو بەجێدەهێنن و دەچن بۆ سوڕانەوە بە دەورى کەعبەدا، لە کۆتا رێوڕەسمەکانیش حاجییان جارێکى دیکە شەیتان بەردباران دەکەنەوە و سوڕانەوەى ماڵئاوایی بە دەورى کەعبەدا بەجێدەهێنن.

محەمەد عەبدعالى، یاریدەدەرى وەزیرى تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، بەهۆى بەرەو پێشبردنى ژێرخانى دامەزراوەکان و بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا، ئەمساڵ رێوڕەسمەکانى حەج بە شێوەیەکى رێکوپێک بەڕێوەدەچن و ژمارەیەکى کەمى حاڵەتەکانى تەندروستى بەهۆى بەرزى پلەکانى گەرماوە هەبووە.

لە رێوڕەسمەکانى حەجى ساڵى رابردوو بەهۆى بەرزى پلەکانى گەرما، هەزار و 301 حاجى گیانیان لەدەستدا کە بە گوتەى دەسەڵاتدارانى سعودیە زۆرینەیان حاجى نایاسایی بوون.