کۆمیسیۆن: زیاتر لە 106 هەزار داواکارى بۆ کارمەندى هەڵبژاردن پێشکەشکراوە

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق  
فۆتۆ: ئەنادۆڵ
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق فۆتۆ: ئەنادۆڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ژمارەى داواکاران بۆ کارمەندى سەر سندوقى دەنگدان لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بڵاوکردەوە و لە ماوەى سێ رۆژدا نزیکەى 106هەزار کەس داواکارییان پێشکەشکردووە، کە زیاتر لە هەشت هەزار کەسیان لە هەرێمى کوردستانن.

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، داتاى ئەو کەسانەى بڵاوکردەوە کە لە سەرانسەرى عێراق لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکى تایبەت بە کۆمیسیۆن داواکارییان پێشکەشکردووە ببن بە کارمەندى سەر سندوقى دەنگدان لە هەڵبژاردنى داهاتوودا.

بە گوێرەى داتاکانى کۆمیسیۆن، لە رۆژى سێ حوزەیرانەوە کە ئەپڵیکەیشتنى تایبەت بە وەرگرتنى ناوى خوازیاران راگەیەندراوە، تاوەکو ئەمڕۆ، 105 هەزارو 561 کەس، داواکارییان پێشکەشکردووە.

لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیش لە سلێمانى سێ هەزار و 90 کەس، لە هەولێر دوو هەزار و 993 کەس، لە دهۆک دوو هەزارو 239 کەس، داواکارییان پێشکەشکردووە.

نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەرى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان پێویستى بە 42 هەزار کارمەندە.

وەرگرتنى ناوى خوازیاران بۆ کارمەندى سەر سندوقى دەنگدان تاوەکو نۆى تەمموز بەردەوام دەبێت و فەرمانبەرانى دەوڵەت جگە لە هێزە ئەمنییەکان، خوێندکاران و دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن.

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ سەرپەرشتیکردنى پرۆسەى دەنگدان پێویستى بە نزیکەى 200 هەزار کارمەندە، لە دواى پرۆسەکەش ئەو کارمەندانەى خوێندکار و دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکانن 250 هەزار دینار و فەرمانبەرانیش 150هەزار دینار و سوپاسنامەیەکیان وەک پاداشت پێدەدرێت.