هۆشیار زێبارى: بژاردەى کشانەوەمان لە بەغداد هەیە

هۆشیار زێبارى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان، دەڵێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارى راگرتنى مووچەى هەرێمى کوردستان چەند بژاردەیەکیان هەیە، یەکێک لە بژاردەکانیش کشانەوەیە لە عێراق.
هۆشیار زێبارى، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى عەرەبى رایگەیاند، بڕیارى راگرتنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەکاتێکى خراپدا بووە و خۆشى جەژنى لای خێزانەکانى هەرێمى کوردستان نەهێشت.
گوتیشى، بڕیارەکە جیاکارى و پەراوێزخستنى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و بێبەشى کردنیانە لە مافى سروشتى و دەستوورى خۆیان و قەیرانێکى خوڵقاند.
زێبارى دوو رۆژ لەمەوبەر لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووى، بڕیارەکەى سودانى و چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ راگرتنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەئاسانى تێناپەڕێت و لێکەوتەى دەبێت، لە دیمانەکەشدا بڕواى وایە بڕیارەکە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و ئامانج لێى لاوازکردنى سیستمی فیدراڵى و پێگەی هەرێمى کوردستانە.
وەک هۆشیار زێبارى دەڵێت، بە پاساوى رادەستنەکردنى داهات و بەقاچاخبردنى پێکهاتەکانى نەوت، مووچەیان راگرتووە، بەڵام بێدەنگن لەو قاچاغبردنە بێشوومارەى لە باشوور هەیە و نەوتى وڵاتانى دیکە دەهێنرێت و تێکەڵ دەکرێت و بەناوى خۆیانەوە بەقاچاغى دەبەن.
لە بارەى هەنگاوەکانیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارەکە، ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسیی پارتى، کشاندنەوەیان لە حکومەتى عێراق بە یەکێک لە بژاردەکان ناودەبات، باس لەوەش دەکات، بژاردەى دیکەشیان هەیە لە رێگەى پەیوەندیییە نێودەوڵەتییەکانیان، وەک زێبارى دووپاتیدەکاتەوە، گەلى کوردستان ئەستەمە ئەو دۆخە قبوڵ بکات.
بە بڕواى هۆشیار زێبارى کێشەى بنەڕەتى جێبەجێنەکردنى دەستوور و بنەماکانى بونیادنانى دەوڵەتە کە بریتیین لە هاوسەنگى و هاوبەشى و لە رێگەى ئەو بڕیارانەى دەدرێن دەیانەوێت کوردستان پەراوێز بخرێت و بۆ مەبەست و دەستکەوتى سیاسى شەقامی عێراقی دژى هەرێمى کوردستان هاندەدرێت.
هۆشیار زێبارى، لە ساڵى 2005 تاوەکو ساڵى 2014 وەزیرى دەرەوە و لە ساڵى 2014 ەوە تاوەکو 2016 وەزیرى دارایی عێراق بووە، لە 23ى ئەیلوولى 2016 بە زۆرینەى دەنگ لە ئەنجوومەنى نوێنەران متمانەى لێوەرگیرایەوە.
06/06/2025