وەزیرى کارەباى عێراق: 600 مێگاوات کارەبامان زیادکرد

وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق
وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق

زیاد عەلى فازڵ، وەزیرى کارەباى عێراق، رایگەیاند، لەرێگەى بەستنەوەى هێڵى کارەباى عێراق بە تورکیاوە، 600 مێگاوات کارەباى نیشتمانى زیادیکرد.

وەزیرى کارەباى عێراق، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى بەستنەوەى هێڵى کارەباى عێراق بە تورکیاوە، 600 مێگاوات کارەبا بۆ کارەباى نیشتمانیی زیادیکردووە، کە پێشتر 300 مێگاوات بووە.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێڵى جەزرە – کەسک، 600 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەگوازێتەوە، دەشڵێت، ئەو بڕە زیادەیە هاوکار دەبێت لە رێکخستنەوە و باشکردنى کاتژمێرەکانى کارەباى نیشتمانیی، بەتایبەتى لە پارێزگاکانى نەینەوا، کەرکوک و سەڵاحەدین.

وەزیرى کارەباى عێراق، باسى لەوەشکردووە، وەزارەتەکەیان سەرجەم داواکارییە تەکنیکى و هونەرییەکانى بۆ زیادکردنى بڕى کارەبا تەواو کردووە، کە بە سیستمى وەرگرتن و پارەدان کاردەکات، ئەوانیش تەنیا تێچووى ئەوە دەدەن کە بەکاریدەهێنن، کە دەبێتە هاوکارێکى باش بۆ بەفیڕۆنەدانى دارایی.

لە وەرزى هاویندا خواست لەسەر کارەبا لە عێراق بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە، هەفتەى رابردوو، وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار مێگاوات کارەبا کەمیکردووە، ئەوەش بەهۆى کەمبوونەوەى هەناردەکردنى گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا لە 27 هەزار مێگاوات کارەباوە کەمبووەتەوە بۆ 23 هەزار مێگاوات.