پاڵەوانێتی رۆلاند گارۆس لە قۆناغی کۆتاییدایە

رکابەرییەکانی یەکێک لە گرنگترین پاڵەوانێتییەکانی جیهانی تێنسی سەرزەوی بەردەوامە و ئەویش رۆلاند گارۆسە.
پاڵەوانێتی گراند سلامی تێنسی سەرزەوی، رۆلاند گارۆس یاخود کراوەی فەرەنسا نزیک دەبێتەوە لە ئەنجامی کۆتایی، ئەمڕۆ و سبەی دوو یاریی فایناڵ بەڕێوەدەچێت کە لەسەر ئاستی خانمان و پیاوانە.
ئەمڕۆ کاتژمێر 16:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، ئارێنا سابالێنکای بێلارووسی و کۆکۆ گاوفی ئەمریکی لە یاریی کۆتایی رووبەڕوودەبنەوە، دوای ئەوەی هەردوو خانمەکە ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد و هەردووکیان بەبەهێزی گەیشتنە یاریی کۆتایی، سبەی یەکشەمەش لە هەمان کات واتە کاتژمێر 16:00 لە یاریی کۆتایی یانیک سینەری ئیتاڵی و کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی رووبەڕوودەبنەوە.
یانیک سینەری یەکەمی ریزبەندیی جیهان، لە قۆناغی پێشکۆتایی لە ئەفسانە نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، ئەمجارە یارییەکە جیاواز بوو، سینەر بۆ یەکەمجار گەیشتە یاریی کۆتایی رۆلاند گارۆس و جۆکۆڤیچیش دوای یارییەکە گووتی کە دڵنیانیە جارێکی دیکە لە رۆلاند گارۆس یاریی دەکاتەوە یاخود نا، ئەمەش هاندەرانی خستە گومانەوە کە یاریزانەکە لەوانەیە بۆ ساڵی داهاتوو خانەنشین بێت، کە تاکە یاریزانە خاوەنی 24 نازناوی گراندسلام و مەدالیای ئاڵتوونی ئۆڵۆمپیادە.
سینەر و ئەلکاراز هەردووکیان 11 یارییان کردووە، ئەلکاراز حەوت بردنەوە و سینەر چوار بردنەوەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردووەتەوە.
هەردوو یاریزانەکە خاوەنی 19 نازناوی جیاوازن و ئەلکاراز چوار نازناوی گراند سلام و سینەر سی نازناوی گراند سلامی هەیە، کە ئەمساڵ کراوەی ئوستراڵیای بەدەستهێنا.

07/06/2025