ژیریی دەستکرد و رۆبۆتەکان کاروبارەکانی حەجیان ئاسانترکردووە

فەریزەی حەجی ئەمساڵ، بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاوازتربوو، ئەمساڵ رۆبۆت و تەکنەلۆجیا نوێکانی وەکو ژیریی دەستکرد، تەرخانکراون بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی فەریزەی حەج جێبەجێدەکەن و ئەو کەسانەشی چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.
درۆن
بەکارهێنانی درۆن، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە چاودێریکردنی بارودۆخی ئەمنی و تەندروستی لەکاتی بەڕێوەچوونی فەریزەی حەجدا، ئەم درۆنانە یارمەتی خێراترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەدەن و دۆخی گشتی ناوچە جیاوازەکان دەگوازنەوە.
ژیریی دەستکرد
ساڵانە کۆنترۆڵکردنی ئەو قەرەباڵغییەی لەکاتی حەجدا دروستدەبێت ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ سعودیە، بەو پێیەی حەج یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوەی ساڵانەی مرۆڤ لە جیهاندا، سعودیە بە کەڵک وەرگرتن لە سۆفتوێرەکانی ژیریی دەستکرد، چاودێریی ئەو بڕە زۆرەی داتا و گرتە ڤیدیۆییانە دەکات، لەنێویاندا گرتە ڤیدیۆییە راستەوخۆکانی درۆنەکانی چاودێری کە بەسەر مەککەدا دەفڕن.
ئەپڵیکەیشنی ئای سێڵفی
ئێستا سعودیە بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی حاجییان، ئەپڵیکەیشنێک بەکاردەهێنێت کە دەتوانێت پشکنینی ورد لە چەند چرکەیەکدا ئەنجامبدات، وەکو هێڵکاری دڵ بۆ دیاریکردنی هەر تێکچوونێکی دڵ، پشکنینی پەستانی خوێن، رێژەی ئۆکسجین لە خوێندا، هەناسەدان و پلەی گەرمی، بۆ دیاریکردنی هەر نیشانەیەکی نائاسایی، ئەم پشکنینانە پێویستی بە ئامێرە تەقلیدییەکان نییە و ئەمەش ڕێکارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر دەکات.
ئەپڵیکەیشنی حەج
لەپاڵ ئای سێڵفیدا، چەندین ئەپڵیکەیشنی دیکە بۆ حاجییان بەردەستە، ئاسانکارییان بۆ دەکات لە دۆزینەوەی شوێنەکان، پێدانی زانیاری لەبارەی فەریزەی حەج و چەندین کاری دیکە.
رۆبۆتی رێنمایی
سعودیە گروپێکی نوێی ڕۆبۆتی خستووەتەکار کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکەن بۆ پێدانی فەتوای خێرا بۆ سەردانکەرانی مزگەوتی گەورەی مەککە.
ئەم ڕۆبۆتانە ناویان "مەنارە"یە، لە ناوچە جیاجیاکانی ناو مزگەوتی گەورە و حەوشەکانی جێگیرکراون تاوەکو دەستڕاگەیشتن پێیان ئاسان بێت. دەتوانن بە 15 زمان قسە بکەن یان بنووسن، وەڵامی خێرا و هەمەچەشن دەدەنەوە بە بەکارهێنەران.
رۆبۆتی پزیشک
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە حاجییان ئەمساڵ دەیبینن لە ناو مەککەدا، پزیشکی رۆبۆتە، پێشتر بە کاتێکی زۆر دەیانتوانی چارەسەر وەربگرن، بەهۆی ژمارەی زۆری نەخۆش و کەمی پزیشکەکان، بەڵام ئەمساڵ رۆبۆتی پزیشک دەتوانێت رێنمایی پزیشکی ئاڕاستە بکات و لە حاڵەتە سەختەکاندا راستەوخۆ پزیشک ئاگاداردەکاتەوە.
رۆبۆتی خزمەتگوزاری
گسکی زیرەک کاری پاککردنەوەی زەوی شوێنەکە دەکات و لەگەڵ ئەمەشدا سعودیە رۆبۆت بۆ دابەشکردنی ئاوی زمزم بەکاردەهێنێت، بەبێ هاوکاری هێچ مرۆڤێک، حاجییان دەتوانن لە رێگەی بارکۆدێکەوە، رۆژانە لە 10 جێگەی جیاواز ئاوی زمزم داوابکەن.
ئۆتۆمبێلی کارەبایی
نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر حاجییان بە شیبریە، کە جۆرێکە لە کورسی و لەلایەن کەسانی دیکەوە هەڵدەگیرێت، دەگوازرانەوە، دوای ئەمە بوو بە گالیسکە و دواتر بوو بە ئۆتۆمبێل و ئێستاش ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە بە ستانداردی نێودەوڵەتی خزمەتی حاجییان دەکات و هاتووچۆکردنیانی ئاسانکردووە.
دەستبەندی زیرەک
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکان دەستبەندی زیرەکە، بەدواداچوون و چاودێری داتای باری تەندروستی ئەو حاجییە دەکات کە لە دەستیدەکات، وەکو رێژەی ئۆکسجینی خوێن و لێدانی دڵ، هەروەها لەحاڵەتی لەناکاویشدا، لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداردەکاتەوە، تاوەکو بەهانای حاجییەکەوە بچن.
07/06/2025