گومرگى عێراق: بەخشینى باجى گومرگى بۆ ئۆتۆمبێلەکانى هایبرید و کارەبایى بەردەوامە

دەستەى گشتیی گومرگى عێراق، هاوڵاتییان دڵنیادەکاتەوە، كە سەرجەم بڕیارەکانى لێبووردن و بەخشینى باجی گومرگی ئۆتۆمبێلەکانى جۆرى هایبرید و کارەبایى، بەردەوامە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، "سەرجەم بڕیارەکانى لێبووردن و بەخشینى باجی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی كارەبایی کارى پێدەکرێت و بەردەوامە".
ئاماژە بەوەشکراوە، دیاریکردنى بەهاى ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە بڕیارە نوێیەکەدا تەنیا بۆ مەبەستى گومرگییە و کاریگەریى لەسەر بڕیارى بەخشین لە باجی گومرگى نابێت.
دەستەى گومرگى عێراق، جەخت لە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە ژمارە 270ـى ساڵى 2025 و نوێکردنەوەى بڕ و جۆرى سەرجەم ماددە گومرگییەکان دەکاتەوە، کە لەناو بڕیارەکەدا ئەوە دووپاتکراوەتەوە، کە ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان ناگرێتەوە.
بڕیارى وەرنەگرتنى گومرگ لە ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان ئامانج لێی هاندانى بەکارهێنانى هۆکارەکانى گواستنەوەى هاوڕێى ژینگەیە لە عێراق، هاوشانى رێکارە جیهانییەکان بۆ کەمکردنەوەى دەردانى کاربۆن.
08/06/2025