سبەی سێیەمین کۆنفرانسى ئۆقیانووسەکان بە بەشداریی سەرۆککۆماری عێراق لە فەڕەنسا دەستپێدەکات

سبەی سێیەمین کۆنفرانسى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان لە شارى نیسى فەڕەنسا دەستپێدەکات، پرسى کانزاکارى لە قوڵایی زەریاکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەبارەى پیسکردنى پلاستیکى و رێکخستنى راوکردن، تەوەرى سەرەکیى کۆنفرانسەکەن، ئەمریکاش بایکۆتى کۆنفرانسەکەى کردووە.
نزیکەى 50 سەرۆک و سەرکردەى جیهان لەناویاندا سەرۆککۆمارى عێراق و سەرۆکى بەرازیل، ئەمڕۆ روو لە شارى نیس دەکەن و ئامادەى نمایشێکى دەریایی دەبن وەک بەشێک لە ئاهەنگەکانى رۆژى جیهانیی ئۆقیانووسەکان، رۆژى دووشەممەش کارەکانى سێیەمین کۆنفرانسى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژى 13ـى حوزەیران بەردەوام دەبن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا بە رۆژنامەى (ئۆیست فرانس) راگەیاندووە، ئامانجى کۆنفرانسەکە یەکخستنى هەوڵەکانە بۆ پرسەکانى ژینگە، نیگەرانیى خۆشى دەربڕى لە بەشدارینەکردنى ئەمریکا لە کۆنفرانسەکەدا.
ماکرۆن، مانگێک لەمەوبەریش رایگەیاندبوو، لە کۆنفرانسى نیس دەیەوێت رەزامەندیى 60 وڵات بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەى پەیماننامەى پاراستنى دەریا قووڵەکان بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
پەیماننامەى پاراستنى دەریا قووڵەکان لە ساڵى 2023 گەڵاڵەکراوە و لەلایەن 115 وڵاتەوە واژۆکراوە بە ئامانجى پاراستنى سیستمى ژینگەی دەریایی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان کە نزیکەى نیوەى گۆى زەوى پێکدەهێنێت، تاوەکو ئێستاش 28 وڵات و یەکێتیى ئەوروپا پەسەندیان کردووە.
ئەمریکا کە خاوەنى فراوانترین بوارى دەریاییە لە جیهاندا، بڕیاریداوە هاوشێوەى کۆنفرانسە ژینگەییەکانى دیکە بەشداریى کۆنفرانسى ئۆقیانووسەکانیش نەکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە کۆتایی مانگى نیسانى رابردوو، تاکلایەنە بڕیاریدا بوار بکاتەوە بۆ کانزاکاری لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانى زەریاى هادى و گوێ بە رێککەوتننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یاساى دەریاوانى نەدات.
هاوکات ژان نوێل بارۆ، وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا رایگەیاندووە، وڵاتەکەى هەوڵدەدات کۆنفرانسى ئۆقیانووسەکان بگەیەنێتە هاوتاى ئەوەى 10 ساڵ لەمەوبەر لە رێککەوتنى پاریس بۆ ژینگە کرا.
هەروەها فەڕەنسا هەوڵدەدات ئەو هاوپەیمانێتییە فراوان بکات کە لە 33 وڵات پێکهاتووە بە ئامانجى راگرتنى کانزاکاری لە قوڵایی دەریاکان، چاوەڕێش دەکرێت لە کۆبوونەوە نافەرمییەکاندا گفتوگۆ بکرێت لە پێناو گەیشتن بە پەیماننامەى بەرەنگاربوونەوەى پیسکردنى پلاستیکى، جگەلەوەش پاریس هیواخوازە هەنگاوەکان پەرەوپێشەوە بچن بۆ پەسەندکردنى رێککەوتنەکانى پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەى راوى نایاسایی و راوى لە رادەبەدەر.
لاى خۆشییەوە کۆشکى ئیلیزێ دووپاتیکردووەتەوە، سێیەمین کۆنفرانسى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان لە نیس، کۆنفرانسێک نییە بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک، بەڵام وڵاتى کۆستاریکاى بەشدار لە کۆنفرانسەکە هیوایخواستووە لە کۆنفرانسەکەدا 100 ملیار دۆلار کۆبکرێتەوە بۆ پارەدارکردنى گەشەپێدانى بەردەوامى زەریاکان.
08/06/2025