دۆسییەى مووچە زۆر ئاڵۆز بووە و هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى دادگاى فیدراڵییە

ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان
ناوەندێکی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان

حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى یەکلاکردنەوەى ئەو سکاڵایەیە کە لە دادگاى فیدراڵى بۆ دەرکردنى فەرمانسالارى لەبارەى مووچەوە تۆمارکراوە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، دۆسییەى مووچە زۆر ئاڵۆز بووە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیران بە کەناڵ8ـى راگەیاند، پێشبینى دەکەین دادگاى فیدراڵى جەخت لە بڕیارى پێشووی بکاتەوە، کە مووچەى مووچەخۆران پێویستە رەوانە بکرێت و نابێت بەهۆى ناکۆکییەکانەوە مووچە رەوانە نەکرێت.

گوتیشى، "پاش فەرمانسالارى دادگاى فیدراڵى، لە هەرێمى کوردستانەوە شاندى سیاسى سەردانى بەغداد دەکات، کە رەنگە شاندەکە بێجگە لە بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند لایەنێکى دیکەش تێیدا بەشداربن".

سەرچاوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، دەشڵێت، "پاش ئەوە بڕیار دەدرێت لیژنەى حکومى لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەرى مووچەى مانگەکانى دیکە پێکبهێندرێت".

گوتیشى، "دۆسییەى مووچە لەنێوان بەغدادو هەولێر زۆر ئاڵۆز بووە و هەوڵى زۆرى دەوێت تاوەکو چارەسەر دەکرێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە 28ـى ئایار بەغداد بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێمى کوردستان خەرجکردنى مووچەى راگرت و ئەوەش پەیوەندییەکانى بە تەواوەتى ئاڵۆز کرد، دواتر ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگاى فیدراڵى سکاڵایان تۆمارکرد و داواى فەرمانسالارى دادگاکەیان کرد بۆ خەرجکردنى مووچە و جەختکردنەوە لە بڕیارەکانى 21ـى شوباتى 2024 کە تێیدا لەسەر سکاڵاى چەند پارێزەر و هاونیشتمانییەک، هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەولێرى بە دابینکردنى مووچە لە کاتى خۆیدا پابەندکرد.