چاوەڕوانکراوەکانی کۆنفرانسی جیهانیی گەشەپێدەرانی ئەپڵ

ئەمشەو کاتژمێر 20:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی جیهانیی گەشەپێدەرانی کۆمپانیای ئەپڵ بەڕێوەدەچێت، تێیدا کۆمپانیاکە ژمارەیەک نوێکردنەوە و تایبەتمەندی رادەگەیەنێت.
هاوشێوەی ساڵی رابردوو، ئەپڵ تیشک دەخاتەسەر نوێکردنەوەی سۆفتوێرەکەی، ڤێرژنی داهاتووی iOS بووەتە باسی خەڵک و میدیاکان، دەگوترێت گەورەترین گۆڕانکاری لە دیزاینی iOSـی داهاتووی ئەپڵدا روودەدات کە لە iOS 7ـەوە گۆڕانکاریی لەم شێوەیە نەکراوە.
هاوکات ساڵی رابردوو، بەشێکی زۆری کۆنفرانسەکە تیشکی خستبووەسەر ژیریی دەستکرد، ئەمساڵ چاوەڕواندەکرێت ئەپڵ بەڵێنەکانی ساڵی رابردووی جێبەجێبکات.
بێگومان گۆڕانکارییەکانی iOS تاکە شت نییە کە لە کۆنفرانسەکەدا باسدەکرێت، بەو پێیەی پێنج رۆژ دەخایەنێت، لە 9 تاوەکو 13ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
گۆڕانکارییەکانی iOS
ئەپڵ لە ساڵی 2013ـدا چاکسازییەکی گەورەی لە iOSـدا ئەنجامدا، بەتایبەت کاتێک iOS 7ـی بڵاوکردەوە و بەکارهێنەرانی سەرسامکرد، ئێستاش بەگوێرەی راپۆرتەکان بێت، چاوەڕێی رووداوێکی هاوشێوە دەکرێت.
دەنگۆکان باس لەوە دەکەن، iOSـە نوێکەی ئەپڵ، یەکێکە لە گەورەترین چاکسازییەکانی دیزاینی تێدا کراوە لە مێژووی کۆمپانیاکەدا.
ئەپڵ پلانی هەیە ئایکۆنی ئەپەکان، مینیوەکان، دوگمەکانی سیستم و بەگشتی ئەپەکان نوێ بکاتەوە، پێشبینی دەکرێت بیرۆکەی دیزاینەکە لە هێدسێتی ئەپڵ ڤیژن پرۆی ئەپڵەوە وەربگیرێت، ەگوێرەی بلومبێرگ، گۆرانکاری لە دیزایندا دەکرێت لە سەرجەم ئیکۆسیستەمی ئەپڵدا جێبەجێبکرێت
گۆڕینی ناوی iOS
بەگوێرەی راپۆرتەکانی بلومبێرگ، ئەپڵ گۆڕانکاری لە سیستمی ناونانی iOSـدا دەکات، لەبری ئەوەی وەشانی داهاتووی iOS بە iOS 19 رابگەیەنێت، سیستمی کارپێکردنی ئەپڵ دەگۆڕێت بۆ ناونان بەپێی ساڵ، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت سیستمی کارپێکەری داهاتووی ئەپڵ ناوی iOS 26 دەبێت، ئەم گۆڕانکارییە شانبەشانی سیستەمی کارپێکردنی بەرهەمەکانی دیکەش دەبێت.
ژیریی دەستکرد
پێشبینی دەکرێت کۆنفرانسەکەی ئەمشەو کەمتر لەبارەی ژیریی دەستکردەوە بێت و تەنیا چەند ئەپدەیتێکی تێدا بێت، یەکێکیش لەوانە پاتریی ئایفۆنە، تەمەنی پاتری هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی بەکارهێنەرانی ئایفۆنە، بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی فۆربس، رەنگە iOS 26، سیستمێکی کۆنترۆڵکردنی پاتری بە ژیریی دەستکرد بۆ زیادبکرێت.
ئەپڵیکەیشنی یاریکردن
بەگوێرەی راپۆرتێکی ناین تو فایڤ ماک، ئەپڵ کار لەسەر پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنێکی یاریکردن دەکات کە دەبێتە جێگرەوەی ئەپی گەیم سەنتەر، پێشبینی دەکرێت ئەپەکە یارییەکانی ئارکەیدی ئەپڵی تێدابێت.
ئێرپۆدس
بلومبێرگ بڵاویکردووەتە، ئەگەر هەیە ئەپڵ تایبەتمەندی وەرگێڕانی راستەوخۆ بۆ ئێرپۆدس زیادبکات، هەروەها پێشبینیش دەکرێت ئاماژەی نوێی جوڵەی سەر بۆ ئێرپۆدس بەردەستبخرێت، لەگەڵ ئەمەشدا، رەنگە ئێرپۆدس تایبەتمەندی وەستاندنی ئۆتۆماتیکی مۆسیقای بۆ زیادبکرێت، دوای ئەوەی بەکارهێنەرەکەی خەوی لێدەکەوێت، هەروەها کارپێکردنی کامێرا لەرێگەی دەستلێدان لە ئێرپۆدس و کوالێتی مایکی ستۆدیۆی بۆ زیاد دەکرێت، لەگەڵ باشترکردنی تایبەتمەندیی بەستنەوەی بە ئێرپۆدسی دیکەوە.
پێنووسی ئەپڵ
بەگوێرەی راپۆرتەکان ئەپڵ پێنسڵ یاخود پێنووسی ئەپڵیش ئەپدەیتی نوێی بۆ دێت، یەکێکیشیان بۆ ئەو کەسانەیە کە حەز دەکەن بە رێنووسی عەرەبی بنووسن، ئەپڵ لە هەوڵێکدا بۆ رازیکردنی کڕیارەکانی لە ئیمارات و سعودییە و هیندستان، تایبەتمەندییەکی نوێی هونەری خۆشنووسی لە ئایپاددا دەخاتە بەردەستی بەکارهێنەران، هەروەها رەنگە کۆمپانیاکە کیبۆردێکی دوو ئاراستەییش بڵاوبکاتەوە، تاوەکو بەکارهێنەران بتوانن گۆڕانکاریی لە نێوان زمانی عەرەبی و ئینگلیزیدا بکەن.
چاوەڕواننەکراوەکانی کۆنفرانسی جیهانیی گەشەپێدەرانی ئەپڵ
چاوەڕوانناکرێت ئایفۆنی نوێ یان بەشێوەیەکی گشتی هەر جۆرە هاردوێر و ئامێرێکی ئەپڵ لە کۆنفرانسەکەدا هەبێت، ئەپڵ ساڵانە بە دیاریکراوی لە مانگی ئەیلوولدا هاردوێر و ئایفۆنی نوێ رادەگەیەنێت، تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی ئامێرەکانی ئەپڵەوە دزەی پێنەکراوە، هەر بۆیە ئەگەری هەبوونی زۆر کەمە.
بڵاوکردنەوەی نەوەیەکی نوێی سیری بەدوور دەزانرێت، دەکرێت پەرەپێدانی یاریدەدەری دەنگی ئەپڵ لە کۆمپانیاکەدا بەردەوام بێت، بەڵام پێویستی بە پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی زیاتر دەبێت پێش بڵاوکردنەوە.
کاتژمێر 20:00 دەتوانن لە چەناڵی ئەپڵ لە پلاتفۆرمی یوتیوب بینەری کۆنفرانسی جیهانیی گەشەپێدەرانی ئەپڵ بن.
09/06/2025